۱۳۹۸ آذر ۹, شنبه

پرۆبلماتیزە کردنی شەهید


شاهۆ حوسێنی
شەهید وەک بوونێکی لە زەمان و لە مەکان‌دا نەک لە دەلاقەی حزووری جەستەیی کە وەک حزووریکی مەعریفی و فۆرمیکی  لەبوونی ئامانج‌دار و ئاگا لە ناو ئێمەی کوردا غایبە، شەهید لەناو ئێمەی کوردا بە مانای غیابی فۆرمیکی جەستەیی کەسەربار لەناو جەغزی جەستەدا قەتیس ماوە و دەرناچێت و ناتوانێ فۆرمیکی سەربەخۆ لە جەستە بەخۆیەوە بگرێت، بۆیەش لەناو ئیمەی کوردا بە هۆی غیابی ئێپیستمەیەکی نەتەوەیی مۆدێرنی سوژە تەوەرە، جەستە کە نەما هێز و ‌هێژمۆنی سەیروورەتی لە فۆرمیکی تریشدا نامێنێت، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە مرۆڤ وەک فۆرمێک لە بوونی جەستەیی لە پاش نەمانی جەستە دەتوانێ لە سەیروورەتی بوون‌دا لە فۆرمی بوونیکی تردا درێژە بە کارتێکەری و مانی بدات لە خزمەت بە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەی و نەتەوەکەی. بیرمەندێک لە فۆرمی ئەندێشە و فەلسەفەیەک‌دا درێژە بە مان و خزمەت دەدا، ڕێبەرێکی کاریزماتیک لە فۆرمی جۆرێک لە کردە و ئەکتی نەتەوە تەوەرەدا وەک میرات کە لەپاش خۆی بەجێی دێڵێت درێژە بە مان دەدات. بە هەمان شیوەش شەهید وەک فۆرمێک کە بەرهەم هێنی چوارچیوەیەک لە بوون بە مانای ڕوڵەی نەتەوە، خۆبەخشی ئاگا و داڕشتنی نەقشە ڕێگایەک بۆ سەرفەرازی و بەرخۆدان لەپاش نەمانی جەستەش دەتوانێ درێژە بە مان و سەیروورەت بدات.
ئێمەی کورد لە غیابی عەقلییەت و گوتارێکی نەتەوەیی گشتگیر هیچ‌کات نەمانتوانیوە کێشەکانمان، دەسکەوتەکانمان و یەک لەوان شەهید پرۆبلماتیزە بکەین، واتە فۆرمێکی مەعریفی و نەتەوەیی پێ ببخەشین کە ڕیک‌خەر و هارمۆنی بەخشی جموجۆڵەکانی شەقامی کۆمەڵگا بێت. کورد بە بەردەوامی لە چل ساڵەی عومری کۆماری ئیسلامی‌دا بەدژ دیکتاتۆرییەت و بۆ ئازادی شەهیدی داوە بەڵام شەهیدەکان لە خزمەت بۆنە حیزبێکان دا قەیتس ماون و حیزبایەتی سنووری کردەی بنەماڵە و کۆمەڵگای خاوەنی شەهیدی سنووردار کردۆتەوە، ئەوەش دەگرێتەوە بۆ سنووردار کردنی سنووری کردە و ئەکتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی سیاسی لەلایەن حیزبەکانەوە، لەناو کۆمەلگای کوردی‌دا هەمووشتێک بە پێوانەی حیزبی دەپوێرێت، نەتەوەیی بوون، کوردایەتی، جاشایەتی، خیانەت و دەروەست بوون.
ئەگەر ئێمە نەتوانین وەک کورد کێشە و بوونەکانمان لەناو بەستێنی نەتەوەیی و لەخزمەت بەرژەوەندی نەتەوەیی‌دا پرۆبلماتیزە بکەین، ئەوا نەک سەدەی بیست و یەک کە دەیان سەدەی تریش نەک هەر لەسەر جێگای خۆمان کە لەپاشەکشەی زیاتر داین، زێدە لە دوو هەزار ساڵە ژێئۆپۆلەتیک و بوونی کورد لە پاشەکشەی بوون دایە و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو پاشەکشەیە هەر بەردەوامە.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی