۱۳۹۸ آبان ۱۴, سه‌شنبه

ئانتۆلۆژی سیاسەت لە دەلاقەی دەروونشیکاری لاکانیدا



(پلۆرالیزمی بۆچوون و خویندنەوەکان لەناو شەقامی سیاسی کوردی‌دا)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
بێ گومان شرۆڤە و فامی کردەوە و کرداری مرۆڤەکان لەناو کۆمەلگا وەک: دەرکەوتەیەکی پارێزەرەی ئەهوەنی و فۆرمی کۆمەلایەتی ژیان، هەڕەشە بۆسەر ئەهوەنی بۆ تێکدانی فۆرمی کۆمەڵایەتی ژیان، کۆک بوون یان قەیراناوی بوونی مرۆڤ مومکین نابێت مەگەر جیهانی زەینی و دروونی مرۆڤەکان بناسرێت. دیارە ناسین و شرۆڤەی دەروون و زەینی مرۆڤەکان بەهۆی کارتێکەری فاکترە جۆراوجۆرەکانی جیهانی دەرەوەی مرۆڤ، کاریکی زۆر زەحمەت و دژوارە. بەتایبەتی لەپاش مۆدێرنیتە، پەرەی سەنعەتی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەکان و بەربڵاوی پێوەندێکانی مرۆیی دۆخەکە ئەوەندەی تریش ئاڵۆزتر و دژوارتر بوە.
گرینگی پارادایمەکانی دەروون‌ناسی بۆ شرۆڤە و فامی کردوەی مرۆڤەکان لە زانستی سیاسی‌دا:
پارادیمەکانی دەروون ناسی ئامانجیان شرۆڤە و فامی کردوەکانی تاک و  بەکۆمەڵی مرۆڤەکانە، دیارە ئەو پارادایمانە باشترین بەستێن و بنەما بۆ فامی کردوەکانی تاک و بەکۆمەڵی مرۆڤەکان لە ساحەی سیاسی کۆمەلگادا دەرەخسێنن. ئەمرۆکە توێژەرانی بواری سیاسی حەول دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە شرۆڤەکان و پارادایمەکانی دەروون ناسی و دەروون شیکاری وڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە چلۆن دەکرێت بەکەڵک وەرگرتن لە پارادایمەکانی دەروون‌ناسی و دەروون‌شیکاری کردەوە و کرداری سیاسی مرۆڤەکان بناسرێت، لەڕاستی‌دا توێژەرانی سیاسی لەو ساحەیەدا کار لەسەر سێ ڕەهەند دەکەن:
 یەکەم: شرۆڤە و فامی کردەوەی مرۆڤەکان
دووهەم: پێش‌بینی کردەوەکانی داهاتووی مرۆڤەکان
سیهەم: مۆهەندسی و گۆڕینی کردەوەکانی مرۆڤ
دیارە لەو بەستێنەدا ژاک لاکان وەک گەورەترین دەروون‌شیکار حەولی داوە تا پردیک لەنێوان سووژەکانی دەروون‌ناسی، فەلسەفە، مرۆڤ ناسی و زمان ناسی‌دا لێ‌بدات، هەر بۆیەش دەکری لە پیکهاتەی هزری لاکان‌دا هێندێ دەلالەت کە ئاماژە دەکاتە سر پێوەندی دەروون‌ناسی و سیاسەت دەربکەوێت. لەڕاستی‌دا لاکان لەدەلاقەی ئەمری خەیاڵی، ئەمری نومادین و ئەمری واقعی‌دا چوارچێوەیەکی زانستی و مەعریفی بۆ زانست، ئەزموون و ئەمری سیاسی و کۆمەلایەتی دەڕەخسێنێت[1].
چەمکە گرینگەکان بۆ شرۆڤەی کردەوەی مرۆڤەکان:
چەمکەکان بۆ شرۆڤەی کردەوەکانی مرۆڤ لەڕاستی‌دا دابەش دەبن بە چوار پارادایم بەگشتی کە بریتین لە:
١_ دەروون ناسی(پسیکۆلۆژی)، کە بەکەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی زانستی, توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەزموون و کردرای مرۆڤ و بوونەوەرەکان دەکات بەمەبەستی تاوتۆێ و شی‌کردنەوەی کردار و کارتێکەری دوولایەنەی کۆمەڵایەتی کردار[2].
٢_ ڕەوان چارەسەری(سایکۆتۆراپی)، کە بە پشتیوانی ئەزمون و بەکەڵک وەرگرتن لە وتوو وێژ حەول دەدات تاک لەبەرامبەر قەیران و کێشەکانی خۆی دابنێت و بەو شێوەیە ئەو بگەیەنێتە رێگاچارەیەکی گونجاو. واتە ڕەوان دەرمانی شێوەیەکە کە لەودا حەول دەدرێت کە کێشە دەرونێکان لەڕیگەی وتوو وێژ لەگەڵ پسپۆریک کە تێدەکۆشێت مرۆڤی خاوەن کێشە ناسیاوی لەمەر خود پەیدا بکات، چارەسەر بکرێت. لەڕاستی‌دا ئامانج و مەبەستی ئەو مێتۆدە باش‌تر کردنی سڵامەتی دەروون، دابەزاندنی کردەوەکانی کێشەخوڵقێن، باوەرگەل و بیر و هەستەکانی مرۆڤە لەپیناو باش‌تر کردنی پێوەندی نێوان مرۆڤەکان و کارامەیی کۆمەڵایەتی. بەکورتی سایکۆتراپی پرۆسەی هەڵکردنی (تەعامول)کەلامی، ئاگایانە و گەڵالەداڕێژراوە بۆ کارتێکەر بوون لەسەر کردوە، قەیرانەکان و ئەو کێشانەی کە پیویستیان بە چارەسەری هەیە[3].
٣_دەروون پزیشکی، لقێک لە لقەکانی پزیشکیە کە حەول دەدات بە سرنج دان بە نیشانە و دەرکەوتە ڕواڵەتێکانی مرۆڤ، کێشە و قەیرانەکانی مرۆڤ بناسێت و چارەسەریان بکات، ئەم چەمکە ساڵی ١٨٠٨لەلایەن دکتۆر هالە یوهان کریستین رێل داهینڕاوە. لە دەروون پزیشکی‌دا کێشە و نەخۆشیکانی دەروونی وەک کێشەی جەستەیی پیناسە دەکرێت و حەولی چارەسەری جەستەیی بۆ دەدەن[4].
٤_ دەروون شیکاری، پاردایمێکە کە حەولی شرۆڤەی کردەوەکانی زەینی و کێشە دەروونێکان دەادت، ئەو پارادایمە لەسەر ئەو باوەرەیە کە بەشی هەرە زۆری چالاکێکانی زەینی لە بەشەی نابەئاگای مرۆڤ‌دا ڕوو دەدات. دەروونشیکاری ناسێنەری مۆدێل و مێتۆدەیکە بۆ شی‌کردنەوە و شرۆڤەی دەروونی مرۆڤەکان بەپێی بیر و بۆچوونەکانی فرۆید. دەروونشیکاری وەک فۆرمێکی دەروون‌ناسی، شێوەگەلێکی بۆ موتالای ئەزموونەکان، ئەندێشە و کردوەکانی مرۆڤ بە گرینگی‌دان بە دەروونی نابەئاگای مرۆڤ بنیادناوە[5].
دەروونشیکاری لاکان:
لاکان بەڵام بەپێچەوانەی دەروون شیکارەکانی پێش خۆی باسی لەوە کرد کە ئەساسەن دەرون‌شیکاری شێوەیەک لە دەرمان کردنی کێشە دەروونیکان نیە، بەڵکە مێتۆدیکە کە زۆرترین ڕاستی و زانیاری لەمەر دڵەڕاوکێکانی مرۆڤ(شووناسی مرۆڤ) دەخاتە ڕوو وە هەر ئەوەش مەجالی چارەسەری کێشە دەروونێکان دەڕەخسێنێت. لاکان بۆ گەیشتن بە چاوەڕوانێکانی لە دەروونشیکاری سێ چەمک دەخاتە ڕوو.
ئەلف: ئەمری خەیاڵی: لەڕاستی‌دا ئەمری خەیاڵی نیشان دەری حەول و کۆششێکی بەردەوامی مرۆڤە بەدوای خۆی‌دا، ئەمری خەیاڵی مەڵبەندی من(ego)واتە ئێگۆیە، ئەو جێگەیەی کە "من" لەودا بەهەڵە خۆی وەک بوونێکی تەواو و کامڵ دەبینێت. لاکان لەسەر ئەو باوەرەیە کە ناتەواو بوونی مرۆڤ کە هەر لەسەرتای بە دونیا هاتنێوە لەگەڵێتی و حەولەکانی بۆ کامل بوون وەها لەمرۆڤ دەکات کە هەموو کات تێبکۆشیت تا "ئەوی‌تر" لەگەڵ خۆی تێکەڵ بکات و وەک خۆی لێ‌بکات. دەشێ بگوترێت کە ئەمری خەیاڵی لە ئاستی سیاسی‌دا بەستێن و جوغرافیای پاوانخوازێتی و حەول بۆ تواندنەوەی "ئەوی‌تر" لەناو "خود"دایە، ئەمری خەیاڵی مەکۆ و بەستینی منێکی ئاگای تێگەیشتوو نیە کە ئاگاداری دۆخی ڕاستەقینەی خۆیەتی و بە ئاگایی لە تایبەت مەندێکانی خۆی حەولی خۆ دەرخستن بدات. بەلکە زۆرتر بەرهەمی وەهمی کەماڵ و وێنایەکی وەهمی لەمەر ڕەها بوونی مرۆڤە.
ب: ئەمری نومادین: لەخۆگری هەموو ئەو شتانەیە کە پیمان واقعین لە زمان و کلتوور را بگرە هەتا دەگاتە نۆرم و بەها کۆمەلایەتێکان، مرۆڤەکان بەر لە بوونیان و هاتنە سەر دونیاش گیرۆدە لەناو جەغزی ئەمری نومادین‌دان: لەکوێ لەدایک دەبێت، لەناو چ بنەماڵەیەک‌دا، لەکامە نەتەوەدا، لەکامە گرووپی کۆمەلایەتی و ئابووری‌دا، حەتتا ناو و ڕەگەزیشت بەر لە بەدونیا هاتنت بۆ دیاری دەکرێت. هەر ئەوەش وا دەکات کە مرۆڤ زیندانی ئەو دۆخە بێت کە خۆی هیچ ئیرادەیەکی نیە لە خوڵقاندنی.
پ: ئەمری واقع: ئەو بەشە لەژیانە کە توانایی ناسین و دەرخستنیمان نیە، لەڕاستی‌دا ئەمری واقع ئەو بەشە لە جیهانی مەیە کە هێشتا مرۆڤەکان لەت و پەتیان نەکردوە، ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەرکەوتەکان بۆیە واقعین چوون عەقڵانی نین، واتە ئەو باوەری بەهیچ مانایەک و فۆرمێکی مانایی وەک گەوهەر لەپشت دەرکەوتەکان نیە. ئەو بە پێداگری لەسەر جیاوازی سترۆکتووری زەینی مرۆڤەکان بەو ئاکامە دەگات فۆرمی زەینی دەسکرد و ئۆبژەیەکی زەینی مرۆڤەکانە کە لەژێر کارتێکەری دەروونی نابەئاگای مرۆڤ بەرهم دێت.[6].  بۆ وینە دەکرێ باس لە نەخۆشی ئەیدز بکرێت، تاقمێک ئەو بە سزای هاوڕەگەزخوازی دەزانن، تاقمێک وەک سزای بەلاڕێ‌داچوون لەژیانی ئایینی پێناسەی دەکەن، تاقمێکی تر بەرهەمی ناوەندەکانی تۆژینەوەی ڕێکخراوەی سیا پیناسەی دەکەن. دەکرێ نەتەوەخوازی و کوردایەتیش وەک ئەمری واقع پیناسە بکرێت، بە هۆی ئەوەکە تاقمێک ئەوی وەک پیلانی دەرەکی بەدژ ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا پیناسەی دەکەن، تاقمێک وەک وەهمێکی خەیاڵی دەیبینن، تاقمێکی‌تر وەک بەرهەمی ئەمرپیالیسم و بۆرژوازی دەیبینن و تاقمێکی تر وەک حەولێک بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانیان پیناسەی دەکەن.

جیاوازی بۆچوونەکان لە دەلاقەی دەروون شیکاری لاکان‌ڕا:
بەپێچەونەای پزیشکی دەروونی کە پێ‌داگری لەسەر دیاردە و نیشانە ڕواڵتێکان وەک بنەما بۆ چارەسەری کێشە دەروونێکانی مرۆڤ دەکات، واتە بەتەنیا لەسەر ئەساسی ئەو نیشانانەی کە هەیەتی کێشەکەدیاری دەکات. بۆ وێنە کاتێ مرۆڤ کە باس لە کەم خەوی، بێ خەوی، بێ وازی و گۆشەگیری دەکات، پزیشک بەو ئاکامە دەگات مرۆڤ تووشی خەمووکی بوە و شێوەی دەرمانی بۆ دیاری دەکات. بەڵام لە دەروون شیکاری لاکان دا بەگرینگی دان بە سترۆکتووری زەینی مرۆڤ و جۆری تفسیر و خوێندنەوەی مرۆڤەکان بۆ کێشەکان، جۆری چارەسەری دیاری دەکرێت. لاکان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەهۆی جیاوازی سترۆکتۆری زەینی مرۆڤەکان و جۆری تفسیری کێشەکان بێ گومان شێوەی چارەسەریش جیاوازە و ناکرێ تەنیا بەهۆی وێکچوونی نیشانە و دیاردە ڕواڵەتێکان لەیەک شێوە چارەسەری کەڵک وربگیرێت. چوون زۆر جار لەغیابی گرنگی دان بە سترۆکتووری زەینی مرۆڤ و جۆری تفسیری ئەو، شێوەی چارەسەری نەتەنیا ئاکامی پۆزەتیڤی نابێت کە لێکەوتەی نێگەتیڤی لێ دەکەوێتەوە. بۆ وێنە لەوانەیە مرۆڤێک تووشی ڕەشبینی بێت، لاکان لەسەر ئەساسی دیاردەی ڕۆاڵەتی ڕەش بینی شێوەی چارەسەری دیاری ناکات، بەڵکە بۆ لاکان گرینگە کە تەفسیری ئەو مرۆڤە لە ڕەش بینی چیە ئاخۆ وەک دیاردەیەکی واقعی لێی دەڕوانێت یان دیاردەیەکی وەهمی، جۆری ئەو تفسیرانەیە کە مەجال بە لاکان دەدات شێوازی چارەسەری کێشەکە دیاری بکات.
دەروون شیکاری لاکان بۆ چارەسەری قەیرانی دابڕانە سیاسێکان و جیاوازی خوێندنەوەو بۆچوونە سیاسیکان دەتوانێ ڕێگاچارەیەکی گونجاو بێت. بۆ وێنە بۆ چارەسەری جیاوازی خوێندنەوە لە کوردایەتی و نەتەوەخوازی، پێویستە سترۆکتۆری زەینی و سۆبژێکتیوی تاک و چۆنیەتی تەفسیر و تەحلیل کردنی کوردایەتی، نەتەوەخوازی، دەلاقەو ڕەهەندە جیاوازەکانی کە لە ژێر کاریگەری جیاوازی سترۆکتوورە زەینێکان‌دایە بناسرێت و فام بکرێت. کوردایەتی بۆ هونەرمەندێک، ئەدیبێک، نووسەرێک، مێژوونوسێک، کۆمەڵناسێک و سیاسێک‌ دەتوانێ فۆرمیکی مانایی جیاوازی هەبێت، بۆ بەشێک لە سیاسێکان ئاڵوگۆڕی سیاسی دەتوانێ ڕێفۆرمیستانە بێت، واتە ئاڵوگۆر هێنان لە فۆرمی پاوانخواز و دیکتاتۆری دەسەڵات لە خوارێ‌ڕا بۆ سەرێ، رەوتیکی هەنگاو بە هەنگاو کە بەگۆڕینی فۆرمی سۆبژێکتیوی تاک دەست‌پێدەکات و لەکۆتایی‌دا بەگۆرینی فۆرمی ئۆبژێکتیوی ‌دەسەڵات و بنیادنانی دەسەڵاتیکی دیمۆکراتیک بە ئاکام دەگات. بۆ بەشێکی تر لە سیاسێکان  ئاڵوگۆرێ دەتوانێ شۆرشگێرانە( لەسەرێ ڕا بۆ خوارێ) بێت، واتە زەروورەتی ئاڵوگۆر پێهێنان لە فۆرمی ئۆبژێکتیڤی دەسەڵات بەبێ زەروورەتی گۆڕینی فۆرمی سۆبژێکتیڤی تاک. بۆ بەشیک لە سیاسێکان ئامانجی خەبات دەتوانێ دەستەبەر کردنی مافی نەتەوەیی بەشیوەی سەربەخۆیی یان فێدرالیزم بێت، بۆ بەشیکی تر لە سیاسیکان ئامانجی سیاسەت دەتوانێ تێکۆشان بۆ لەناو بردنی هەڵاواردن بێت، بۆ بەشیکی تر دەتوانێ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی عادڵانە بێت و....هتد.
هیچ ڕوانگە و خوێندنەوەیەک ناتوانێ و مافی ئەوەی نیە کە خۆی بە تاکە لایەنی ڕەهای ڕاستەقینە بزانێت و حەولی سڕینەوە و لەناو بردنی لایەنە جیاوازەکان بدات مدام باوەری بە دێمۆکراسی و فەریی هەیە.  بەهۆی ئەوەکە خۆی وەک هەموو ڕوانگە و خویندنەوەکانی تر دەسکردی(بەرساختە) ئەندێشە، بەستێنێکی مەکانی و زەمانیە[7]. هەرجۆرە تاک خوێندنەوەیەک، تاک ڕوانگەییەک بە مانای بەستێن بۆ بەرهەم هێنانی تۆتالیتاریسم و سرینەوەی فرەییەکانە، حەولیکی رواڵەتیانە کە دەتوانێ بەرهەم هێنی قەیران و ڕادیکالیسمی دژبەرانە بێت[8].

ئاکام:
 بێ‌گومان دەکرێت جیاوازێکان بەشێوەیەکی گونجاو چارەسەر بکرێن. جیاوازی لە خوێندنەوەی هەموو دەرکەوتەکانی سیاسی و کۆمەلایەتی، کلتووری، هوونەری، ئەدەبی و....هتد،  بە شێوەی لاکانی بەگرینگی دان بەسترۆکتووری زەینی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا و جیاوازی تفسیری مرۆڤەکان. دەکرێ شێوەی گونجاوی چارەسەری بۆ جیاوازیکان و دابڕانەکان بدۆزرێتەوە. لەڕاستی‌دا لاکان بەگەڵالەکردنی سێ دیاردەی ئەمری خەیاڵی، ئەمری نومادین و ئەمری واقع بەستێن و بنەماکانی دەروونی و زەینی فرەییەکان و جیاوازێکانی شی‌کردۆتەوە و بەشێوەیەکی سۆبژێکتیوانە شەرعییەتی پلۆرالیزم و فرەیی نیشان داوە. ئەو بەئەمری خەیاڵی نیشان دەدات کە هەرجۆرە حەولێک بۆ سەپاندنی خەیاڵی "خود" وەک تاکە دەرکەوتەی ڕەها هەڵەیە. بە ئەمری نومادین نیشان دەدات کە تاکەکان و مرۆڤەکان لەژێر کارتێکەری دەرکەوتەکانی جیهانی دەرەوەی زەینی مرۆڤن و بە ئەمری واقعی نیشان دەدات کە پلۆرالیزم واقعێکی حاشا هەڵنەگرە. لاکان نیشانی دەدات کە هەر جۆرە حەولێک بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکان بەبێ بەفەرمی ناسینی شەرعییەتی جیاوازێکان نەتەنیا ئاکامی پۆزەتیڤی نابێت کە لێکەوتەی نێگەتیڤیشی دەبێت.


















سەرچاوەکان:
1_ Bernhard Pörksen (Hrsg.): Schlüsselwerke des Konstruktivismus. 2. Auflage. Wiesbaden 2015.
2_ Elisabeth Roudinesco (Autor), Hans-Dieter Gondek (Übersetzer), Jacques Lacan: Bericht über ein Leben, Geschichte eines Denksystems (Deutsch) Hardcover – 1. January 1996.
3_   _Erwin Heinz Ackerknecht: Kurze Geschichte der Psychiatrie. 3. Auflage. Enke, Stuttgart 1985, ISBN 3-432-80043-6.
4_ Hans Strotzka (Hrsg.): Psychotherapie. Grundlagen, Verfahren, Indikationen. Urban und Schwarzenberg, München, Berlin, Wien 1975, ISBN 978-3-541-06931-6.
5_ Karl Dietrich Bracher: Zeitgeschichtliche Kontroversen. Um Faschismus, Totalitarismus, Demokratie. Piper, München 1976, ISBN 3-492-00442-3.
6_ M. Amelang, D. Bartussek: Differentielle Psychologie und Persönlichkeitsforschung. Kohlhammer, 2001, ISBN 3-17-016641-7.
7_   Jacques Lacan (Autor), Norbert Haas (Übersetzer),Die vier Grundbegriffe der Psychoanalyse (Das Seminar von Jacques Lacan, Buch 11) (Deutsch) Paperback – 1978
 8 _Peter Fonagy: Bindungstheorie und Psychoanalyse. Klett-Cotta, Stuttgart 2003.


[1] _  Elisabeth Roudinesco (Autor), Hans-Dieter Gondek (Übersetzer), Jacques Lacan: Bericht über ein Leben, Geschichte eines Denksystems (Deutsch) Hardcover – 1. January 1996.
[2] _M. Amelang, D. Bartussek: Differentielle Psychologie und Persönlichkeitsforschung. Kohlhammer, 2001, ISBN 3-17-016641-7.
[3] _Hans Strotzka (Hrsg.): Psychotherapie. Grundlagen, Verfahren, Indikationen. Urban und Schwarzenberg, München, Berlin, Wien 1975, ISBN 978-3-541-06931-6.
[4] _Erwin Heinz Ackerknecht: Kurze Geschichte der Psychiatrie. 3. Auflage. Enke, Stuttgart 1985, ISBN 3-432-80043-6.
[5] _Peter Fonagy: Bindungstheorie und Psychoanalyse. Klett-Cotta, Stuttgart 2003.
[6]   _  Jacques Lacan (Autor), Norbert Haas (Übersetzer),Die vier Grundbegriffe der Psychoanalyse (Das Seminar von Jacques Lacan, Buch 11) (Deutsch) Paperback – 1978
[7] _ Bernhard Pörksen (Hrsg.): Schlüsselwerke des Konstruktivismus. 2. Auflage. Wiesbaden 2015.
[8] _ Karl Dietrich Bracher: Zeitgeschichtliche Kontroversen. Um Faschismus, Totalitarismus, Demokratie. Piper, München 1976, ISBN 3-492-00442-3.






سەرچاوە: گۆڤاری ڕامان ژوومارە ٢٧٠

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی