۱۳۹۸ مهر ۲, سه‌شنبه

ئانتۆلۆژی ناسیونالیسمی کوردی


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
مێژووی هزری مۆدێڕن بە دێکارتەوە دەس پێ‌دەکات، مێژوویەک کە کاکڵ، ناوەرۆک و ماکە سەرەکێکی سۆبژێکتیو بوونە، سۆبژکتیو بوون بەمانای شەرعییەت و بەفەرمی ناسینی ناسین و شووناس بەخشین بە دیاردەکانی جیهانی دەرەوەی زەین و شعووری مرۆڤ وەک بەرهەمی زەینی مرۆڤ و جیهانی دەروونی مرۆڤ. لە دەلاقەی سۆبژکتیویتەڕا ناسین و مەعریفە پەیدا کردن بەنیسبەت جیهانی دەروە و ئۆبژەکان بەرهەمی کایەی ئازادانەی هێزی فام و زەینی مرۆڤەکانە وەک سوبژە. لەڕاستی‌دا مۆدێرنیتە جیهانێکی جیاواز لە جیهانی نەریتیە کە لەسەر ئەو ئەساس و بنەمایە دامەزراوە کە مرۆڤی بیرمەند خاوەن و سەروەری جیهانە (بیرمەند نەک بەو مانا کڵیشەیەی کە باوە، بەو مانایەی کە مرۆڤ ناسیاوی هەبێت لەسەر تاریف و مانای چەمکەکان، ئەندێشەکان و ئایدۆلۆژیکان، لە دەلاقەی وان ڕا چاو لە جیهان بکات، پێناسەی بکات و شرۆڤەی بکات، بەڵکە بیرمەند بەو مانایەی کە لەژێرکەریگەری پێوەندی راستەوخۆی زەین و شعوری لەگەڵ جیهانی دەرەوەی لۆکاڵی خۆی بە فام و دەرکێکی سەربەخۆ لە جیهانی دەرەوە بگات، بتوانێ پێناسەیەکی سەربەخۆ لە ئانتۆلۆژی و ئێپیستمۆلۆژی جیهانی دەرەوە بخاتە ڕوو). مرۆڤی بیرمەند دەتوانێ لەخزمەت ویست و خواستەکانی خۆی‌ ئاڵوگۆڕی لە جیهان‌دا بەدی بێنێت. لەڕاستی‌دا  جیهانی مۆدێڕن خاوەنی سێ بنەما و ئەسڵە: یەکەم سۆبژە بوونی مرۆڤ. دووهەم: ڕاسیونالیسم یان بیرمەندی کە بەرهەمی متمانە بە عەقڵی مرۆڤەکانە و سێهەم: هیومانیسم یان مرۆڤ تەوەرەیی. بێ گومان ئەو سێ دیاردەیە لەگەڵ یەکتر لە پێوەندیکی دیالێکتیکی‌دان.
سەرهەڵدانی ناسیونالیسم:
ناسیونالیسم وەک دیاردەیەکی مۆدێرن بەدژ دەسەڵاتی هزری، ڕواڵەتی و زمانی کلیسا(نوینەری نەریت) سەری هەڵدا، نووسین بە زمانی لۆکاڵی و زمانەکانی غەیرە ڕۆمی کە زمانی فەرمی کلیسا بوو، بوو بەهۆی بەرهەم هاتن و بڵاو بوونەوەی فۆرمە جیاوازە زەینیکان و ئەندێشە مرۆییەکانی ڕەخنەگر و دژبەری هێژمۆنی کلیساو ئەمەش بوو بە هۆی شکاندنی هێژمۆنی و شکۆی زمان، ئەندێشە ودەسەڵاتی ئیمپراتۆری ئایینی رومی، ئەم ڕەوتە زەینی و ڕواڵەتیە بەستێنی هەست بە پەیوەست بوون بە هێندی دیاردەی زەینی(ئەندێشەیی) و ڕواڵەتی(نۆرم، کلتوور،زمان، ئایین) ڕەخساند کە بە نەتەوە ناوی دەرکرد. لەڕاستیا ناسیونالیسم وەک بەهێزترین سیستمی باوەر و دیاردەیەکی ئیرادی لە رۆژئاوا کە سەرچاوە و بەستێنی سەرهەڵدانی نەتەوەخوازی وەک فۆرمێکی نوێ کۆمەڵایەتی-سیاسی لە پێوەندی نێوان تاکەکانا بوو، بەر لەوەکە لەفۆرمی ئۆبژێکتیڤ‌(ڕواڵەتی)دا دەرکەوێت، واتە فۆرمی ڕواڵەتی بدات بە تاکەکان لەناو کۆمەڵگادا، لەئاستی ئەندێشە و مەعریفەدا دەرکەوت، واتە سەرەتا دیاردە سۆبژێکتیڤ و ئەندێشەییەکەی بەرهەم هات، ئینجا لەسەر ئەساسی ئەو دیاردە  زەینیەی دیاردە ڕواڵەتێکەی دامەزرا. ئاکامی ئەو فۆرماسیونە مەعریفی و زەینیە لەناو کۆمەلگادا پلۆرالیزم و سیکۆلاریزم بوو کە لە ئاستی سیاسی‌دا و وەک بەرهەمی مۆدێڕنتیەی سیاسی بەرهەم هێنی ناسیونالیسم وەک مێتا سۆبژە و دەوڵەتی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک وەک مێتا دەسەڵات بوو، واتە دەسەڵاتێکی بان تاکی کە سەرچاوەکەی و سەرچاوەی شەرعییەتەکەی سۆبژەکان بوون کە ئاگایانە و بەشیوەیەکی ئیرادی بەرهەمیان هێنا.
دیاردەکانی ناسیونالیسم:
بەگشتی دەشێ بگوترێت کە ناسیونالیسم خاوەنی دوو دیاردەی گرینگە:
یەکەم دیاردەی ئیجابی (من کێم)، دیاردە ئیجابێکەش خاوەنی فۆرمی زەینی و ڕواڵەتیە واتە سەرەتا منی زەینی و ئەندێشەیی سەرهەڵدەدات و دوایی منی ڕواڵەتی لەسەر ئەساسی ئەو فۆرمە زەینیە بەرهەم دێت و کۆمەڵگر دەکرێت.
دووهەم دیاردەی سەلبی (من کێ نیم)، دیاردەی سەلبەیش هەر بەو شیوەیە خاوەنی فۆرمی زەینی و ڕوالەتیە واتە سەرەتا لە زەین و ئەندێشەدا گەڵاڵەی مەعریفی من کێ نیم دادەڕێژرێت و دواییش بە کردەوە حەول دەدرێت بۆ سنووردانان لەنێوان  منی کێ نیم و ئەوی‌تر وەک غەیرییەت.
دەشی بگوترێت کە ناسیونالیسم بە منی ئیجابی دەست پێ‌دەکات و بە منی سەلبی بە ئاکام دەگات و کامڵ دەبێت لە ڕواڵەت‌دا، واتە نەتەوە و دەسەڵاتی نەتەوەیی سەربەخۆ بەرهەم دێت. بە کورتی دەکرێ بگوترێت کە ناسیونالیسم بەپرسیار لە مەر "خود" دەس پی‌دەکات و بە پرسیار لەمەر چلۆنایەتی گەیشتن بە ناسینی خود بە ئاکام دەگات، پرسیار لەوەکە "من کێم"، "خاوەنی چ پێناسە و تایبەتمەندیکی زەینی و ڕواڵەتیم"، "چلۆن دەتوانم خۆم بناسم و پێناسە بکەم".
ئانتۆلۆژی ناسیونالیسمی کوردی:
ناسیونالیسم وەک هەموو دیاردەکانی تری مۆدێڕنیتە(ئابووری، هزری و..هتد) تەنیا فۆرمی ڕواڵەتی لە دیاردە سەلبیکەی لە کوردستان‌دا بەرهەم هات و پەرەی ئەستاند. بە هۆی ئەوەکە ئەساسەن کوردایەتی لەکۆمەڵگای کوردی‌ لەغیابی بیرمەند و فەیلەسووفەکان‌ لەناو فەقێ و مەلای حوجرەکان‌دا یان لەناو  عوزلەتی خانەقاکان‌دا چەکەرەی کرد و پەرەی ئەستاند تەنیا خۆی لە فۆرمی ڕواڵەتی‌دا دیتەوە، ئەگەر لە رۆژئاوا گرینگ‌ترین دیاردە جیهانی زەینی، مسۆگەر بوون و گرینگی‌دان بە ئەندێشە و فەلسەفە بوو کە گەورە بیرمەندانی وەک دێکارت، کانت، رۆسۆ، هێگێل، شلینگ، لایبنیتز و..... هتدی لێکەوتەوە، ئەوا گرینگ‌ترین دیاردەی کۆمەڵگای کوردی شاعیر، مەلا و سۆفی پەروەری بوو کە نەیان توانی بەرهەم هێنی ئەندیشەیەکی لۆکاڵی بن. واتە لەلایەک بەهۆی هێژمۆنی زەینی و مەعریفی ئەوی‌تر لەناو زەینی مەلا و سۆفێکانی کوردستان وەک سەرچاوەی شەریعەت، تەریقەت، کەلام و فەلسەفە(بەهۆی ئەوەکە سەرچاوەی هەموو ئەوانە لە ئایینی ئیسلام‌دا بوو) وە لەلایەکی تر غیابی ئەندێشە و گوتارێکی لۆکاڵی کوردانە وەک ناوەرۆکی مەعریفی لەناو شێعری شاعیران(ئەگەر لەهێندی پێ‌داگری لە دیاردەی ڕواڵەتی و سەلبی وەک درووشم لەشێعری شاعیرانی ناسیونالیستی کورد بگوزەرێن) هیچ کات بەستێنی نەزەری بۆ بەرهەم هاتنی کوردێکی سوبژە لە ڕواڵەت‌دا نەخوڵقا.
بەداخەوە ناسیونالیسمی کوردی بە هۆی ئەوەکە نەیتوانی ئەو پرۆسەیە بەتایبەتی لایەنە زەینێکی ببڕێت لەژێر کارتێکەری کلتووری ئۆرتۆدۆکسی حەولی دا بە بەرهەم هێنانی فۆرمێکی پراگماتیستانە لە ناسیونالیسم ئەو بۆشاییە دابپۆشێت، قەیران و کێشەی ئەو فۆرمە لە ناسیونالیسم ئەوەیە کە بۆچوون و خوێندنەوەیەکە کە بەرهەمی تەفسیر بە رای کەسیە، دڵخوازانەیە، لەباری فۆرمی زەینی و مەعریفی وەک سەرچاوە بێ‌قاعیدەیە، ئایدۆلۆژیکە و لەخزمەت دەست بەسەر دەسەڵات‌دا داگرتن دایە، دەقێکی ئایدۆلۆژیکە کە ئاکامەکەی ڕێکخستن و لێک‌تێگەیشتن نیە، بەڵکە بەهۆی پاوانخواز و دەسەڵات خواز بوونی ئاکامەکەی لێک‌دابڕانی زیاتر مینیمالیزە کردنی لایەنگران و کۆمەڵگا و چەند بەرەکی پەروەریە. ناسیونالیسمی کوردی بەداخەوە لەو ئاستەدا چەقیوە، ئەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکێکانی سەرهەڵدان و پەرەی کێشەی ناوچەگەراییە لەناو شەقامی سیاسی کوردی‌دا. لەهەر شارەی، هەر پارێزگایی بەهۆی هێژمۆنی حیزبیک و لایەنێکی سیاسی تایبەت کە فۆرمێک لە خوێندنەوە و شرۆڤە لە ناسیونالیسم دەخاتە ڕوو قەیرانی دابڕانی شار و ناوچەکانی قوڵتر  کردۆتەوە. بێ گومان ئەگەر حەول نەدرێت بە لەبەرچاو گرتنی بوونی خەباتێکی نەتەوەیی و زەروورەتی یەکگرتوویی، ناسیونالیسمی کوردی لایەنی گوتارێکەشی لە تەنیشت لایەنی ئایدۆلۆژیکەی بەهێز بکرێت، ئەوا خەباتی کورد بە تاقە باڵێک( ناسیونالیسمی ئایدۆلۆژیک) مەجالی مانوڕ و فڕینی زۆری نیە و لاواز دەبێت. لەڕاستی‌دا کێشەی ناسیونالیسمی کوردی ئەو نیە کە فێدرالیسم خوازە یان سەربەخۆیی خواز، بەڵکە کێشەی ناسیونالیسمی کوردی ئەوەیە کە لەغیابی فۆرم و ناوەرۆکی زەینی و ئیجابی تەنیا خۆی لە قەوارەی ڕوالەتی و سەلبی دا دیتۆتەوە و ئەمەش ناسیونالیسمێکی ئایدۆلۆژیکی بەرهەم هێناوە بۆ خزمەت بە دەوامی کردەوەی پراگماتیستی ئۆپۆزیسیونی کوردی.
سەرچاوە: حەوتەنامەی وشە
http://www.wishe.net/detailsWtar.aspx?NusarID=97&Jmare=1334

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی