۱۳۹۸ شهریور ۲۷, چهارشنبه

کەنداو لەبەرداشی بێ پلانی رۆژئاوا و هێڕشەکانی ئیسرائیل‌ بەدژ هێژمۆنی ئێران‌دا

شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
هاتنە سەرکاری کۆماری  ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی بناژوێخوازی شیعە لە ١١ فێوریەی ١٩٧٩ ڕەوەندی هاوکێشەکان و پارەسەنگی هێزی لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوین تێک‌دا، ئەو دەسەڵاتە بناژوێخوازە لەژێر تیشکی ئایدۆلۆژی شیعە بنیادنەری فۆرمیکی مانایی لە "خود" وەک بوونێکی حەققی ڕەها و "ئەوی‌تر" وەک بەرەی ناهەقی ڕەها بوو، سنووربەندێک کە کەلێنێکی قوڵی کێشە و قەیرانی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی سوونە و ئێرانی شیعە لەلایەک و ئیسرائیل و ئێرانی لەلایەکی تر بەدی هێنا. واتە ئێران وەک دەسەڵاتێکی بەرهەم هاتووی ئایدۆلۆژی شیعە لەسەر ئەساسی ئەو باوەرە کە ئێران "ام‌القری" جیهانی ئیسلامە و ئەوان وەک ڕێڕەوانی ئیسلامی ڕاستی و بەرهەق پێویستە بەستێنی دەرکەوتەنەوەی ئیمامی زەمان بڕەخسێنن، بنەماکانی پارادایمی سیاسەتی دەرەوەیان داڕشتوە و ئەو ئایدۆلۆژیە فۆرم دەدات بە کردوە و دژکردەوەکانیان و ئاڕاستەی کردەوەکانیان دیاری دەکات.
بنەما هزری و ئایینێکانی کێشەی  ئیسلام لەگەڵ جولەکە:
موسولمانان لەسەر ئەو باوەرەن کە جوولەکەکان بەر لەهاتنی موحەممەد وەک دوایین پێغەمبەر لەژێر تیشکی ئامۆژگارێ ئایینێکانیان چاوەڕەێی هاتنی پێغەمبەری ئیسلام بوون، بەڵام  لەپاش دەرکەوتنی ئیسلام دەستیان کرد بە دژایەتی و دوژمنایەتی ئیسلام و موحەممەد وەک دوایین پێغەمبەر و نێردراوی خوا و بۆ ئەو مەبەستە کتێبە ئایینیکانیان چەواشە کرد(هەڵبەت ئەوە باوەری موسوڵمانانە و ئەوان هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو باوەرە ناخەنە ڕوو، تەنیا ئاماژە بەوە دەکەن کە جولەکە کتێبە ئایینیکانیان چەواشە کردوە کە ئەوەش بە بەڵگە نەسەلمێندراوە)، لەتەنیشت ئەو باوەرە ئایینیە، دەرکەوتنی وڵاتی ئیسرائیل لەناو ژیئۆپۆلەتیکێک کە موسولمانان بە قیبلەی یەکەمی خۆیانی دەزانن ئیتر هەوینی دوژمنایەتی موسوڵمانان و جولەکەی کە هەر لە دەرکەوتنی ئیسلامەوە هەتا ئەمرۆکە بەردەوام بوو، ئاڵۆزتر و قوڵتر کردەوە.
بەڵام لەو ناوەدا شیعەکان جگە لەو پاساوانەی کە باسی لێوەکرا کێشەیان لەگەڵ جوولەکە قوڵاتر و بەربڵاوترە. شیعەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە جوولەکە گەورەترین و مەترسیدارترین دوژمن و دژبەری ئیمامی زەمانە و بە پشت بەستن بە قورئان جوولەکە وەک بەهێزترین و دوژمن ترین کەس لەبەرامبەر ئیمامی زەمانی پیناسە دەکەن. هەروەها ئەوان بەپشت بەستن بە ڕوایەتەکانیان لەسەر ئەو باوەرەن کە سەفیانی وەک یەکێک لە دوژمنانی ئیمامی زەمان لەلایەن رۆژئاواییەکان و جوولەکەکانەوە پشتیوانی دەکرێت بۆ لەناو بردنی ئیمامی زەمان. کەواتە ئەو کۆگشتیە بۆتە بنەما و پاساوی کێشەی نێوان ئێران وەک دەسەڵاتێکی بناژوێخواز و ئیسرائیل، بەجۆرێ کە لەسەر ئەساسی ئەو عەقڵییەتە فۆرمیکی ماناییان لە شیعە وەک نوینەران و بەرەی ڕەهای حەق و جوولەکە وەک نوینەران و بەرەی رەهای ناهەق بەرهەم ‌هێناوە.
ئیرانی ئیسلامی و تێکدانی هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوین:
هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لەڕاستی‌دا گەورەترین ئاڵوگۆری ناوچەیی بوو کە لە رۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی و ناوچەی کەنداو بەتایبەتی رووی دا، بەجۆری کە دەکری وەک یەکێک لە بەهێزترین هەڕەشەکان بۆسەر پیکهاتەی ئەهوەنی ناوچەیی لەپاش شەڕی دووهەمی جیهانی پیناسە بکرێت. لەڕاستی‌دا دەرکەوتنی ئایدۆلۆژیکی ئایینی بناژوێخواز لە ئێران وەک دەسەڵاتی سیاسی کە خواست و ئامانجی گۆڕینی ڕادیکاڵی هەموو دیاردەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵاتی و کلتووری مرۆڤە، لە ئاستی ئەهوەنی ناوچەیی گەورەترین هەڕەشە بوو کە ڕووبەڕووی حکوومەتەکانی تری ناوچە بۆوە، بەتایبەتی ئەو ‌هەڕەشەیە لەپاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام و لە رۆژهەڵاتی ناوینی پەساسەدام‌دا زۆر بەهێزتر و بەربڵاوتر بڵاو بۆوە.
هێرشی ئەمریکا بۆسەر دەسەڵاتی سەدام و ڕووخاندنی ئەو گرینگ‌ترین هۆکار بوو کە بوو بەهۆی لەناو چوونی ئەکتەرێکی بەهێز کە هاوسەنگی هێزی لەبەرامبەر ئێران‌‌دا پاراست‌بوو و حەولەکانی ئێرانی لەرۆژهەلاتی ناوین بۆهێژمۆنی ڕەها پوچەڵ کردبۆوە، بەجۆری کە لەسەر دەمی دەسەڵاتی بیل کلینتۆن لە ١٩٩٣ تا ٢٠٠١ ئەمریکا توانی بە پەیرەو کردنی ستراتژی کۆنترۆڵ کردنی دوو لایەنە وەک پلانێک بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئێران بە عێراق و عێراق بە ئێران، هاوسەنگی هێز و ئەهوەنی لە رۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەی کەنداودا بپارێزیت. بەڵام لەناو بردنی دەسەڵاتی سەدام و بێ پلانی ئەمریکا لەسەردەمی دەسەڵاتی ئۆبامادا گەورەترین و لەبارترین دەرفەت بوو کە ئێران بە رۆژهەلاتی ناوین‌دا بڵا بێتەوە.
ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێران و ئیسرائیل:
هەڵەیە ئەگەر ڕووبەڕوو بوونەوەکانی ئێران و ئیسرائیل تەنیا لە دەلاقەی هێرشەکانی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆسەر پێگەکانی ئیران لە سووریادا بخوێندرێتەوە، لەڕاستی‌دا ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێران و ئیسرائیل لەپاش هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی نیزامی و ئابووری لە شیعەکانی لوبنان و چەکدار کردنیان دەستی پێ کردوە کە بەرچاوترینیان ڕیکخستنی حێزبوڵلای لوبنانە لەساڵی ١٩٨٠. لەڕاستی‌دا ئەو ڕیکخراوەیە باڵی لوبنانی سوپای پاسدارانە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل ڕووبەڕوو بوونەوەی هەبوە. بەجۆرێ کە هێرشی جۆراوجۆری نیزامی بەشیوەی کردەوەی تێرۆریستی و هێرشی موشەکی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجام داوە و لەبەرامبەریش‌دا ئیسرائیل بەردەوام ڕێبەرانی بالای ئەو ڕێکخراوەیەی کردۆتە ئامانج کە بۆوینە دەکری ئاماژە بە سەیدعەبباس موسەوەی ڕیبەڕی پێشوو و عیمادموغنیە لە فەرماندە باڵاکانی ئەو ڕیکخراوەیە بکرێت.
هەڵگیرسانی شەری ناوخۆیی سووریا بەڵام دەرفەتێکی لەبار بوو کە ئێران ڕاستەوخۆ بگاتە سنوورەکانی ئیسرائیل و بەوشێوەیە وەک هەڕەشەیەک بەدژ ئیسرائیل دەربکەوێت. هەر ئەوەش لە ئاکامدا بوو بە دەرفەتێک کە ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەربڵاو هێڕشی ڕاستەوخۆی موشەکی و ئاسمانی بکاتە سەر ناوەندەکانی نیزامی ئێران لە سووریا. ئەو هێڕشانە لەپاش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕیککەوتنی ناوەکی و قوڵتر بوونەوەی قەیران لە ناوچەی کەنداو ئاڕاستەیەکی تری بەخۆیەوە گرت:
١_  هەواڵێک لە رۆژنامەیەکی کووەیتی‌دا بڵاو بۆوە کە فرۆکە ئێف ٣٥ کانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئێران‌دا سووڕاونەتەوە بەبێ ئەوەی کە سیستمی ڕاداری ئێران بتوانێ ئاگادار بێت
٢_  ماڵپەری فارسی رادیو پەیامی ئیسرائیل لەزاری فەرماندەیەکی پلەبەرزی سەربازی ڕایگەیاند کە فرۆکە ئێف ٣٥کانی ئیسرائیل لە یونان خەریکی ڕاهێنانن لەسەر بڕینی مەودای ئاسمانی نیوان ئیسرائیل و ئێران.
٣_ ڕۆژنامەکانی هائارێتس و جرۆزالم پۆست ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل ئیتر هێرشەکانی ئاسمانی خۆی بەدژ ئامانجەکانی ئێران تەنیا سنووردار بە سووریا ناکات، لەپاش ئەو ڕاگیەندراوە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی  بۆسەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لەعێراق دەست پێ‌کرد. یەکەم هێرش بۆسەر پیگەی نیزامی ئەمڕڵی لە پارێزگای سەلاح‌ئەلدین بوو، دووهەم هێرشیش بۆسەر پێگەی ئەبو مونتەزیر ئەلمحەمداوی(کەمپی ئەشرەفی پێشوو کە لەپاش چۆل کردنی لەلایەن موجاهیدنی خەڵق، هێزەکانی نزیک لە ئێران لەوێ جێگیر بوون)بوو وە لەماوەی ڕابردووش چەند هێرشیکی تر کراوەتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی.
٤_ ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سیستمێکی تازەی بەرگری مووشەکی بەناوی پەیکان بە هاوکاری ئەمریکا بەرهەم هێناوە، ئەو سیستمە نوێیە لە پێگەیەکی نیزامی ئەمریکا لە ئالاسکا تاقی کراوەتەوە، ئیسرائیل رایگەیاندوە کە ئەو سیستمە بەرگرێ نوێیە بۆ بەرگری کردن لە هێرشی مووشەکی ئێران بەرهم هاتوە.
ئەو رووداوانە لە ماوەی ڕابردوو دەکری لەو دەلاقەیەڕا خویندنەوەی بۆ بکرێت کە ئیسرائیل ئیستا گەیشتۆتە سنوورەکانی ئێران، بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەیکە کە هاتە ئێستاکە ئورووپێکان هیچ گەڵاڵەیەکی ڕوونیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە بەدژ هەڕەشەکانی ئێران لەکەنداو ڕانەگەیاندوە و ئەمریکاش هیچ پلانیکی روونی نیزامی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەل ئێران نیە، دەکرێ ئەو هێرشانەی ئیسرائیل ئاماژەیەک بن بۆ ئەوەیکە ئەو وڵاتە گڵۆپی سەوزی لە ئەمریکا وەرگرتوە بۆ هێرشیکی ئاسمانی ڕاستەوخۆ بۆ ناوەندەکانی نیزامی و ئەتۆمی ئێران هەر بەو جۆرەی کە پێشتر بەدژ دامەزراوە ئەتۆمێکانی عێراق و سووریا کردی.
لەتەنیشت ئەمانە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو ئێران بەکەڵک وەرگرتن لە مووشەکی کرووز هێرشی کردە سەر پاڵاوگەی ئارامکۆ و بەو شێوەیە هەڕەشە و قەیرانیکی گەورەی خستە بەردەم دەسەڵاتی سعوودیا، ئەو لەکاتێک‌دایە کە پێشتریش بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان و مووشەک لەیەمەن ڕا هێرش کرابوە سەر ناوەندەکانی سعوودیا.
ئاخۆ هەر بەجۆرەی کە ئیران شەڕ بەدژ دەسەڵاتە ناوچەیەکانی وەک ئیسرائیل، عەرەبستان و زلهێزیکی وەک ئەمریکا بە دەست و پیوەندێکانی دەکات، ئەمریکاش هێڕشی بەگری کارانە بۆ پێش‌گرتن لەدەست راگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، گوشار خستنە سەر ئێران بۆ گەڕانەوە بۆناو سنوورەکانی، پێش‌گرتن لە دەستێوردانی ئیران لە وڵاتانی ناوچە و بەگشتی پێش‌گرتن بە هێژمۆنی بەربڵاوی ئیرانی لەناوچە خستۆتە ئەستۆی ئیسرائیل؟
هێڕەشەکەی ئیران بۆسەر پاڵاوگەی ئارامکۆ کێشە و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوینی قوڵتر کردۆتەوە، هەتا ئێستاکەش نە ئەمریکا، نە ئورووپا هیج پلانێکیان بۆ پێشگرتن لە هێڕشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر ئەهوەنی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوین نەخستۆتە ڕوو، ئەگەر ڕۆژئاواییەکان نەتوانن ئێران بگەرێننەوە ناو سنوورەکانی خۆی، ئەوا لە داهاتوویەکی نەهێندە دووردا دەتوانێ مەترسی گەورەتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین درووست بکات، بەتایبەتی لەپاش پاش‌گەز بوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی بریارەکانی ڕیککەوتنی ناوەکی لەگەڵ پێنجی کۆ یەک کە مەجالی بەرهەم هینانی چەکی ناوەکی بۆ ئێرانی لەبارتر کردوە.



ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی