۱۳۹۷ اسفند ۱۰, جمعه

لە کوردبوونی ئۆبژێکتیڤ را بەرەو کورد بوونی سۆبژیکتیڤ




(خەسارناسی کوردبوونێکی بێگانە لەگەڵ منی کورد)
شاهۆ حوسێنی
پێ‌داگری لەسەر دیاردە ئۆبژێکتیڤەکانی کوردبوون(زمان، جوغرافیا، بەرگ، ئایین و کلتوور) لەئاستی سیاسی‌دا بۆتە هۆی ئۆبژێکتیڤ سەیر کردنی دەسەڵات و پێ‌داگری لەسەر ڕواڵەت و فۆرمی ڕووتی دەسەڵات، هەر بەو پێیەش مرۆڤەکان و تاکەکان بە ئۆبژە سەیر دەکرێن و لەوەها ڕوانگە و عەقلییەتێک‌ڕا گرینگ‌ترین دیاردەی مرۆڤەکان دەروەست بوون، ملکەچ بوون، گوێ‌ڕایەڵ بوون و نزم‌تر لە دەسەڵات بوونە چوون دەسەڵات ئەگەرچی دیاردەیەکی مرۆییە، بەڵام لە مرۆڤ جیادەکرێتەوە و تایبەت مەندیکی کۆنسێروات بەخۆیەوە دەگرێت، لەبان تاک ڕادەوەستێت و تاک لەخزمەت ئامانج و بەرژەوەندیکانی خۆی ڕێنوینی دەکات، دەشێ بگوترێت کە کورد بوون لە وەها عەقڵییەتێک‌ڕا بە مانای دەسەڵاتێکی بان تاکی و بان کۆمەڵگایی بون و ملکەچ کردنی هەموانە.
بەڵام بێ گومان ئەگەر کورد بوون وەک دیاردەیەکی سۆبژێکتیڤ سەیر بکەین، واتە ئەندێشەیەک، هزر و ئاگاییەک کە خۆمان لەوڕا پیناسە دەکەین، ئەوا بێ گومان دەسەڵاتیش وەک دیاردەیەکی سۆبژێکتیڤ دەبینین کە بەرهەمی هێزی لۆگۆس، دیسکۆرس و ئەندێشەیە و لەغیابی ئەمانە بەرهەم نایت. بێ گومان کوردبوون دیاردەیەکی سۆبژێکتیڤە، چوون لەوڕا فۆرمێک لە "خود" و لە "بوون" دەردەخەین کە دەرخەری بوونیکی ئیدەئالە، بوونێک کە هەڵقوڵاوی مرۆڤی سەربەخۆ، خۆبنیادنەر و سوبژەیە، ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگایەکی تایبەت و خۆمالیە کە لەگەڵ ئەوی‌تری ڕواڵەتی و زەینی تەواو جیاوازە. بەواتایەکی تر بە هۆی ئەوەکە دیاردە ئۆبژەکان فۆرمگرتوو و بەرهەم هاتووی دیاردە سوبژەکانن، چون لە بۆشایی ئەندێشە و هزردا هیچ فۆرمیکی ڕواڵەتی سەربەخۆ بەرهەم نایەت، دەشێ بگوترێت کە ئەو کوردبوونە ئۆبژێکتیڤەی کە لەغیابی کوردبوونی سۆبژیکتیڤ( بەمانای فۆرمێک لە خوێندنەوەی سەربەخۆیانە و شرۆڤە کردنی سەربەخۆیانەی "خود"، "ئەوی‌تر" و " جیهان") لەگەڵ منی کورد تەواو بێگانەیە، ئەو فۆرمە ئۆبژیکتیڤە لە کورد بوونەی کە بەرهەمی ئاگایی، ئەندێشە و کۆششی زەینی سەربەخۆیانەی منی سوبژە نیە، بە تەواوی بێگانەیە لەگەڵ من.
خەساری گەورە ئەوەیە کە ئەو فۆرم لە کورد بوونەی کە ئێستا بوونی هەیە لەگەڵ من بێگانەیە، هەتا ئێستاکەش هیچ کۆشش و حەولێک نەدراوە بۆ بەرهەم هێنانی کوردبوونێکی سۆبژیکتیڤ، تا لەسەر ئەساسی ئەو فۆرمە زەینێ سەربەخۆیە کە بەرهەمی تەعاموول و ژیان لە بەستێنیکی جوغرافی، کلتووری و تایبەتەیە، کورد بوونێکی سۆبژێکتیڤ بەرهەم بێت. ئەو فۆرمە ئۆبژێتکتیڤانە لە کورد بوون بە هۆی ئەوەکە لەسەر ئەساس و بنەمای کورد بوونێکی سۆبژیکتیڤ دانەمەزراوە و هەڵنەچێندراوە، هیچ کات ناتوانێ بەرهەم هێنی سەربەخۆیی بە مانای بوونێکی هزری و مەعریفی واقعی بێت. بەڵکە تاک و کۆمەڵگا بەردەوام وەک بوونێکی ئۆبژێکتیڤی ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵ بەردەوام دەکاتەوە.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی