۱۳۹۷ آذر ۷, چهارشنبه

" دێمۆکراتیزە کردنەوەی دێموکراسی"


شاهۆ حوسێنی
چاوخشاندنێک بەسەر بەشی هەرە زۆری ئەو ئایدە و هزرانەی کە لە ناو جوغرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان دا سەری هەڵداوە، نیشان دەری ئەو ڕاستێیە کە هەموو گرینگایەتی دەدەن و ئاماژەیەکن بۆ مرۆڤی سوژە وەک بکەرێکی سەربەخۆی ناسێنەر، واتە ئامانج و مەبەستی سەرەکی لەداڕشتن و گەڵاڵە کردنی هزر و ئایدەکان بەهۆی مرۆڤەکان و تاکەکان ، بۆ وێنە سۆسیالیزم، لیبرالیزم، دێمۆکراسی، کۆنسێرواتیزم، ناسیونالیزم، جگە لەوەکە ئاماژە و نیشانەیەکی گرینگی سەربەخۆ بوون و سەرچاوە بوونی تاک وەک سوژە،  پێ داگری کردنە لەسەر حەول بۆ پێگەیاندن، پەرەی خۆشی و ئاسوودەیی مرۆڤی سوژە  وەک مەبەست، ئامانج و سەرچاوەیە، بۆ وێنە کاتێ مارکس باس لە خەباتی چینایەتی و عداڵەت دەکات، مەبەستی سەرەکی مرۆڤە، کە بە لەناو بردنی هێژمۆنی چینێک بەسەر چینێکی تردا لەڕەوتی وریای و ئاگایی تاک لە پێگە و کەسایەتی تاکی و چینی خۆی دا بەرهەم دێت، یان لیبرالیزم کە پێ داگرە لەسەر ئازادی بێ سنووری تاک و ئەرکی پێکهاتەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی بوون و جوغرافیای تاک وەک سووژە، یان دێمۆکراسی وەک ئایدەیەک کە بەستێنێکە بۆ دەرکەوتنی پلۆرالیزمی تاکەکان وەک سوژە، یان ناسیونالیسم وەک پێکهاتیەکی ڕواڵەتی و زەینی کە لەودا تاکەکان بە شێوەیەکی ئیرادی و سەربەخۆیانە بڕیار لەسەر شێوازی بوونیان دەدەن، و باقی هزرەکانی تریش هەر بەو شێوەیە.
بەڵام ماوەیەکە کە توێژەران ڕەخنە لە دێمۆکراسی دەگرن کە بۆتە پێکهاتەیەکی ڕۆاڵەتی بەتاڵ لە کارتێکەری ڕاستەقینە و سەربەخۆیانەی تاکەکان وەک سوژە، ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن دێمۆکراسی تەنیا پاساوێکی فۆڕمالیتانەیە بۆ بەردەوام بوونی هێژمۆنی و دەسەڵاتی کەمینەیەک بەشێوەی دێمۆکراتیک، لەڕاستی دا باس لە ئاڵوگۆڕێکی گشتی دەکەن کە بەشداری ڕاستەقینە و سەربەخۆیانەی سیاسی سوژەکان  لەخزمەت بەرژەوەند ڕواڵەتی  دێمۆکراسی دا کردۆتە قوربانی، بۆ وێنە هەڵبژاردن بۆتە ڕەوتێکی فەرمی-یاسایی و بێ ناوەرۆک، واتە کردەوەکان و ڕەوتی کردەوەکان لەگەڵ ئامانج و ئاسۆی کردەوەکان لە ناو جوغرافیای دێمۆکراسی دا کە پەرەی بەردەوامی تاک وەک سوژە و بکەری سەربەخۆیە لەدژایەتی دان، بەجۆرێ کە باس لە تاک کەرەسەیی و سوژە کەرەسەیی دەکرێت لەژێر کارتێکەری هێژمۆنی ئابووری، توجارەت، بەرژەوەندی‌سیاسی و مادی‌دا، بەواتایەکی‌تر ئەگەر تاک سەرچاوە و مەبەستی ئایدەکان، ئابووری، دەسەڵات و سیاسەت بوو، ئەمڕۆکە پێوەندێکە پێچەوانە بۆتەوە و مرۆڤ بۆتە کەرەسەییەک لەخزمەت پەرە و هێژمۆنی ئەوانا، بۆیەش باس لە زەروورەتی دێمۆکراتیزە کردنەوەی دێمۆکراسی دەکرێت.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی