۱۴۰۳ فروردین ۱۶, پنجشنبه

ڕۆژهەڵاتی‌کوردستان‌ و قەیرانی‌ڕێبەڕی

 









شاهۆ حوسێنی

ڕەنگە هەتا ئەمڕۆکەش هیچ چەمک‌و وشەیەک هێندی "کاریزما" بۆ شرۆڤەو پێناسەکردنی ڕێبەڕان لەکاتی قەیران‌و لەکەشی شۆڕش‌دا ڕوونکەرەوە و چەسپاو نەبووبێت‌و کەڵکی لێ‌وەرنەگیرابێت. کاریزما ئاماژەیەکە بۆ سرنج‌ڕاکێشی و تایبەت‌مەندی‌گەلێکی درەوشاوە و بەرچاوی‌تاک‌و کەس‌گەلێک کە دەتوانن سرنجی گشتی و ڕێزی گشتی کۆمەڵگایەک یان کۆمەڵە مرۆڤێک بۆلای خۆیان ڕابکێشێن و بتوانن شوێندانەری کۆمەڵایەتی و گشتیان هەبێت. لەنێوندی سەدەی بیستەم‌ڕا چەمکی "کاریزما" بوو بە چەمکی دیار و مسۆگەر بۆ پێناسەی هەڵکەوتە سیاسێکان کە توانایی ڕێکخستن و کارتێکەری کەم‌وینەیان لەناو کۆمەڵگادا هەیە. چەمکی کاریزما لەڕاستی‌دا پێناسەی مرۆڤ یان مرۆڤ‌گەلێکە کە بان ئیرادەی مرۆڤەکان، ئەوان دەخاتە ژێرکارتێکەری ئیرادەی خۆی و تاکەکان دەبنە شوێة‌کەوتەی.

بێ‌گومان کاریزما یەکێک لەگرینگ‌ترین تایبەت‌مەندێکان و بنەماکانی کەسایەتی تاک و رێبەڕێکە کە دەتوانێ شوێن‌دانەر و خاوەن هێژمۆنی بێت لە کۆمەڵگادا، واتە یەکێک لەگرینگ‌ترین و سەرەکی‌ترین تایبەت‌مەندێکانی مرۆڤە بۆ وەدەست‌هێنانی دەسەڵات و هێژمۆنی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لەڕێی ئەم تایبەت‌مەندێوە مرۆڤی کاریزما توانای ڕاکێشان و ریکخستنی مرۆڤەکانی لەدەوری خۆی هەیە، بەجۆرێ لەگەڵ ئەوەدا زۆر جار مرۆڤی کاریزما لەگەڵ‌ئەوەدا کە خاوەن هیچ پلەوپایەکی فەرمی و بۆرۆکراتیک نیە، بەڵام دەنگی لەناو کۆمەڵگادا هێژمۆن‌ترە لە خاوەن پلەکان و بەرچاوترە و درەوشاوەترە، هەر بەم پێیەش گۆییەکان زیاتری دەبیسن و چاوەکان ڕوون‌تری دەبینن. کەم نین ئەم کەسایەتیانەی لە کوردستانی رۆژهەڵات کە لەگەڵ ئەوەدا تۆزی مێژوو لەسەر ژیان و زەمەنیان‌ نیشتوە بەڵام هێشتا لە ئاسمانی خەیاڵ و هەستی کوردستان‌دا دەدرەوشێنەوە: شەهید سمکۆ، شەهید قازی موحەممەد، شەهید دکتۆر قاسملوو، شەهید کاک فوئاد، شەهید دکتۆر شەفیعی‌و ........

ڕێبەڕی‌کاریزما:

دەرکەوتنی ڕێبەڕی کاریزما بێ‌گومان لەلایەک بەرهەمی دۆخی تایبەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەر کۆمەڵگایەکن، واتە بەرهەمی دەرکەوتن، پەرە و قوڵ‌بوونەوەی قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناو کۆمەڵگەکانن و لەلایەکی‌تریش بەرهەمی دۆخی لەباری کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەکانن، واتە قەیران وەک پێش‌بەستێنێک و سەرچاوەی پێویستی و نیاز کۆمەڵگا هان دەدات بۆ دەرخستنی کاریزما و هەمیش ڕەخسانی کەش و هەویەکی تایبەت دەبێتە بەستێن بۆ دەرکەوتنی کەسایەتی کاریزما. بۆ وێنە قەیرانی پاش شەهید بوونی کۆماری کوردستان، شەهیدبوونی پێشەوای کورد و بەشێکی زۆری ڕێبەڕان و کەسایەتێ سیاسێکانی کوردستان وەک قەیران کەش و هەوایەکی لەباری خوڵقاند بۆ دەرکەوتنی شەهید دکتۆر قاسملوو وەک کاریزما لە داهاتوودا و هەمیش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی‌ئێران و ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی وەک بەستێنێکی لەبار بەستێن و زەمەنێک بوو بۆ دەرکەوتنی چەندین کەسایەتی کاریزما لە کوردستان. ئەوەی لەم ناوەدا زۆر گرینگە لە تەنیش قەیران و بەستێنی گوونجاو وەک تایبەت‌مەندی زەرووری و پاڵنەر، تایبەت‌مەندی هوڵکەوتەیی مرۆڤەکان دەشێ بگوترێ شوێن‌دانەرترین تایبەت‌مەندیە، واتە مرۆڤێکی کە وەک مناڵی سەردەم و کۆمەڵگای خۆی دەردەکەوێت و پسپۆڕێکی کارامەیە کە هەم لەباری زەینێوە ڕێگاچارە و عیلاجی پێیە و هەمیش بەکردەوە و لە پراکتیک‌دا بوێرانە دێتە مەیدان قۆڵی هیممەت هەڵدەماڵێت بۆ چارەسەری قەیران. گرینگ‌ترین تایبەت‌مەندی ڕێبەری کاریزما ئاڵوگۆڕی‌خوڵقێن و نوێ‌خواز بوونە، واتە مرۆڤێکی کە لەڕێی متمانە بە زانست و عەقڵی بیرمەندانە هەست بە پێویستی ئاڵوگۆڕی زەینی لە کۆمەڵگادا دەکات و جیهانێکی زەینی و نەزەری جیاواز دەخاتە ڕوو. دەشێ بگوترێ کە ئەمە خاڵی گەوهەری کەسایەتی و ڕێبەڕانی کاریزماتیکە، ئەوان بەپشتیوانی جیهانی زەینی، زانست و تێشووی مەعریفی و نەزەری حەولی گۆڕێن بنەما نەزەری و مەعریفێکانی کۆمەڵگا دەدات و زەین و مەعریفەیەکی ئەڵتڕناتیڤ بەرهەم دهێنێت و دەیکاتە جێگرەوەی زەین و ئەندێشەی ماوە بەسەرچوو. واتە دوو لێ‌کەوتەی ڕیبەڕانی کاریزماتیک لەگەڵ مرۆڤ ئاسایی ئەمەیە و کە سەرەتا تێ‌دەگات لە زەین و ئەندێشەی کۆمەڵگا کۆن و ماوە بەسەرچوە، واتە لگەڵ ئەمرۆیی و ئێرەیی نیە، دووهەم حەول دەدات بە فۆڕم‌دان بە ئاسۆیەکی مەعریفی و زەینی کۆمەڵگا لە سەرلێ‌شێوای زەینی دوور بکاتەوە، لێ‌کەوتەی دووهەم ئەوەمەیە، تێ‌دەکۆشێت بۆ چەسپاندن و مسۆگەرکردنی زەین و ئەندێشەیەکی نوێ و بەڕۆژ.

 

 

قەیرانی‌ڕێبەڕی لە ڕۆژهەڵاتی‌کوردستان

شەهیدبوونی بەشی هەرە زۆری ئەو ڕێبەڕانەی کە دامەزرێنەر، پەرەپێ‌دەر و ڕەچاوکەری هزر و ئەندیشەی نوێ بوون بۆ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات، کەمپ‌نشین بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، پەرەی دیاردەی بۆرۆکراتیک لەنیو حیزبەکان بەهۆی نیشتەجێی، هێژمۆنی ڕکابەڕێتی و دەسەڵات‌خوازی لەناو حیزبەکانی کوردی لەپاش کەمپ‌نشینی لەڕەوتی کۆنگرەکانی حیزبی‌دا، دابڕانی بەردەوام لەنێو حیزبەکان و چەقبەستوویی هزری و مێژویی دەشی وەک گرینگ‌ترین هۆکارەکانی بەتاڵ بوونی حیزبەکان لە کەسایەتی کاریزما، واتە پەرەی ڕکابەرێتی و هێژمۆنی ڕکابەرێتی ناوخۆیی لەناو حیزبەکان بەسەر شۆڕش و شۆڕشگێڕایەتی لەڕاستی‌دا جۆرێکی بێ‌نیازی لەناو حزیبەکانهدا بەرهەم هێنا بەنیسبەت مرۆڤ و کەسایەتی هەڵکەوتە، هەروەها لەکاتی شۆڕش و لەگەرمەی شەڕی چەکداریش‌دا بەهۆی لەئارادبوونی چەند ڕێبەڕ و کەسایەتی کاریزما لەناو حیزبەکان‌دا هەستی پێویستی بە پێشمەرگە و مرۆڤی پراگماتیسم نەتەنیا جۆرێک بێ‌نیازی بە تاکی هەڵکەوتی هزری لێ‌کەوتەوە کە حەتتا جۆرێک دژایەتی و بەسووک دیتنی هەڵکەوتەی هزریشی لێ‌کەوتە، لەتەنیشت ئەم دیاردانە یارگیری بۆ هێژمۆنی و بەدەسەڵات گەیشتن و پاراستنی دەسەڵات دیاردەیەکی نەباشی تری لێ‌کەوتەوە، ئەویش مەیدان دان بە تاک و مرۆڤی ناتەبا لەگەڵ پۆستەکان و بڕەودان بە تاکی گوێ‌ڕایەڵ، لەئاکام‌دا سەرکووت و سەرکۆنەکردنی تاکی هەڵکەتە بەهۆی هەست بە مەترسی کردن لەلایەن ڕێبەڕانی نوێی حیزبەکان. واتە دەشێ بگوترێ کە ڕیبەڕانی نوێی حیزبە کوردێکانی ڕۆژهەڵات نەتەنیا خۆیان لەباری هزر و ئەندێشە هیچ کۆکیەک و تەباییەکیان لەگەڵ دۆخی ئیستای ڕۆژهەڵات نیە و خاوەنی هیچ جیهانێکی هزری سەربەخۆ و تازە بنیادنراو نین، کە لەهەمان کاتیشا هیچ ڕاوێژکارێکی کارمە و هەڵکەوتە کە بتوانێ ئەم کەمایەسێیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە بەدەورەوە نیە، هەرچی دەکرێت و هەر هەڵسووکەوتێک تەنیا ئامانجی هێژمۆنی‌خوازای و بەمەبستی ڕادیکاڵ‌تر کردنی دەز و پەرەی هێژمۆنی خۆیانە لەکۆمەڵگا بەبێ گرینگی‌دان بە ئاڵوگۆڕی هزری. کلتووری و مەعریفی کۆمەڵگا بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپە زانستیە کۆمەڵایەتی و سیاسێکان بۆ خەبات و بەرخۆدان بەدژ دەسەڵاتێک کە بەدەیان ستراتژیست، ناوەندی توێژینەوەی زانستی و ستراتژیکی لەناو خۆ لە دەرەوە لەخزمەت‌دایە. لەڕاستی‌دا قەیرانی ڕێبەری بە مانای غیابی کەسایەتی کاریزما کە هەڵگری جیهانێکی مەعریفی و زانستی بەڕۆژ بێت، پشتیوانی و عەقەبەیەکی زانستی و مەعریفی‌جێگای متمانەی بەڕۆژی هەبێت، ئەمرۆکە ڕەنگە گرینگ‌ترین خەساری شەقامی سیاسی ڕۆژهەڵات بێت.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی