۱۴۰۲ آذر ۱۲, یکشنبه

زیاتر لە پاڕادایمێک بۆ شۆڕش، پاڕادایمێک بۆ ئەخلاق

 






شاهۆ حوسێنی

ئەخلاق بەمانای شرۆڤەی داب، نەریت‌و عاداتەکان مێژوویەکی کۆنی هەیە، شرۆڤەی ئەخلاق وەک دیاردەیەکی زەینی و زانستی ڕەچەیەکی فەلسەفی لەخۆدەگرێت‌. ڕەچەی فەلسەفی نێوان ڕەچەی‌ئانتۆلۆژی و دەرکەوتنی تێئۆلۆژی مەسیحی کە جیهانی هزری سوقڕات، ئەفلاتوون، ئەڕەستوو و...هتد لەخۆ دەگرێ وەک فەلسەفەی ئەخلاق پێناسە دەکرێت، گرینگ‌ترین دیاردە لە ڕەچەی فەلسەفەی ئەخلاق‌دا بارهێنان‌و ڕاهێنانی بەرپرسانە، بەکەڵک و وڵامدەرانەی مرۆڤە. لەڕاستی‌دا دەشێ بگوترێ کە گرینگ‌ترین پایەو بنەمای دێمۆکراسی یۆنانی کۆن، پشکووتنی پارادایم‌گەلێک بۆ ئەخلاق بوون، کە لەسەر ئەساسی ئەوان جیهانی دێمۆکراسی یۆنانی و دەوڵەت_شارە شاروومەندتەورەکان بنیادنرابوون. لەڕاستی‌دا دێمۆکراسی بەرلەوەکە پاڕادایمێک بێت بۆ سیاسەت، شێوازی گەڕیانی دەسەڵات، دەوری کۆمەڵگای‌مەدەنی، پاڕادایمێکە بۆ ئەخلاق بە مانای پرەنسیپەکان، شێوازەکان و چووارچێوەکانی پاراستنی کەرامەت، پێگە و شانی مرۆڤ، بەربەستێک‌و سنوورێکە بۆ پێشگترن لە پێشێل‌کردنی مرۆڤایەتی.


مۆدێڕنیتە‌ و ئەخلاق

گەڕاندنەوەی مرۆڤ و تاک وەک تەوەرە بۆ جیهانی ئەندێشە و پێناسەکردنی وەک تاکە سەرچاوەی جێگای متمانە بۆ فام و شووناس بەخشین بە دیاردەکان، بەرلەوەکە حەولێک بێت بۆ پەرەی هێژمۆنی عەقڵی مرۆڤ، کۆششێک بوو بۆ گەڕاندنەوەی پێگە، شان و کەرامەتی دابەزیوی مرۆڤ لە بەرکارێکی بێ دەسەڵات بەرەو بکەرێکی خاوەن دەسەڵات و پێگە. لەڕاستیا سنووری نێوان بەرکاری و بکەری مرۆڤ، کەرامەت و پێگەیەکی داکشاوە بەرەو کەرامەت و پێگەیەکی پارێزراو و هەڵکشاو، لەمرۆڤێکی گوێ‌ڕایەڵ بەرەو مرۆڤێکی سەربزێو، لەمرۆڤێکی بێ دەسەڵات و نابەرپرس بەرەو مرۆڤێکی خاوەن دەسەڵات و بەرپرس. لەمۆدێڕنیتەدا "من" وەک داب، نەریت و عادەت‌گەلێک دەبمە پێوانە و چما هەڵسەنگاندنێک لەئارادەابێت، لەگەڵ 'من" دەبێت واتە کێشەی نێوان "من" و "ئەو"، "خود" و "ئەوی‌تر". ئەوە لەکاتێک‌دایە کە جیهانی بەر مۆدێڕنیتە "ئەوی‌تر" وەک داب، نەریت و عادەت دەبێتە پێوانە و چما هەڵسەنگاندنێک لە ئارادابێت لەگەڵ "ئەوی‌تر" دەبێت، واتە کێشەی نێوان "ئەوی‌تر" و "ئەوی‌تر"، ئا ڕێک لێرەدایە کە ئەخلاق ون دەبێت و بێ ئەخلاقی بە مانای بەرپرسیارەتیەک لەمەر پارستنی شکۆ، کەرامەت و پێگەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی پەرە دەستێنێت.

ئەویکە مۆدێڕنیتە بەرهەم‌هێنی پێشکەوت، گەشە و سەرکەوتن هات، هۆکارەکەی دەرکەوتنی مرۆڤ و تاک وەک داب، نەریت و عادەت‌گەلێکی بەرپرسانە بوو، ئەو بەرپرسیارەتێانەی کە مەجالی لێک‌گرێدانەوە جیاوازێکان لەناو پێکەرەی مرۆڤ و تاکی‌دا ڕەخساندبوو، هیچ تاک و مرۆڤێکی حەولی وەک "خود" لێ‌کردنی "ئەوی‌تری" نەدا، بەڵکە ڕێک هەر بەو شەرعییەتەی کە بە "خودی" بەخشی بوو، مەجالی دەرکەوتن و پشکووتنی "ئەوی‌تری" ڕەخساندبوو و ئەوە نەتەنیا حەولێک بۆ دەرکەوتنی ئەوی‌تر بوو کە حەولێکیش بوو بۆ بەفەرمی ناسینی ئەو دەرکەوتنە جیاواز و دژبەرە. چما ئێمەی کورد نەتوانین پاڕادایمێکی مۆدێڕن بۆ ئەخلاق ڕەچاو بکەین، مەجالەکانی دەرکەوتن وەک نەتەوە و بان‌تر لەو دەستەبەر کردنی مەجالەکانی سەربەخۆیی لەخۆمان زەوت دەکەین.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی