۱۴۰۲ دی ۵, سه‌شنبه

زمان لەگوێن دەرکەوتەی سیاسی

 








(نەتەوەخوازی زمانی بنەمای نەتەوەخوازی سیاسی)

شاهۆ حوسێنی

نەتەوەخوازی‌فارسی خۆی لەناو بازنەی سەروەری ژێئۆپۆلەتیکی ئێران، سەروەری زمانی فارسی و هێژمۆنی ئێتنیکی فارس‌دا دەبینێتەوە و حەولی سەپاندنی "ئێران‌خوازی" وەک ئەمری سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری بەسەر هەموو نەتەوە جیاوازەکانی ناو ژێئۆپۆلەتیکی‌ ئێران‌دا دەدات. لەڕاستی‌دا " حکوومەتی‌فارسی" وەک ئەمری سیاسی لەناو چوارچێوەی ئێران‌خوازی‌دا لەڕێی زمانی فارسی بەسەر تاکی ئێرانی‌دا دەسەپێندێرێت. فارس بەڵام حەول دەدات لەڕێی بە مێژویی و کلتووری کردنی ئەمری سیاسی، بیر و ڕای گشتی نەتەوە غەیرە فارسەکان بەلاڕێ‌دا بەرێت تا هەم بەم شێوەیە مەشرووعییەت بسڕێتەوە لە خەباتی مافخوازانە، شووناس‌خوازنە و نەتوەخوازانەی نەتەوەکانی‌تر و یەک لەوان کورد، هەمیش لە قوبحی دیکتاتۆڕییەت و پاوانخوازێتی خۆی کەم بکاتەوە. ئەوان حەول دەدەن لەڕێی بە مێژووی‌کردنی ئیران وەک ژێئۆپۆلەتیک پێش بە پارچەبوونی ئێران بگرن، لەڕێی بەمێژوویی‌کردنی زمانی فارسی وەک ئەمری مێژوویی پێش بە گەشە و دەرکەوتنی زمانەکانی‌تر و یەک‌ لەوان زمانی‌کوردی بگرن. لەڕاستی‌دا ئەوان لەلایەک حەولی بە سیاسی‌کردنی هەموو دیاردەکانی کلتووری، شووناسی و زمانی دەدەن بەمەبەستی مسۆگەرکردن و پەرەی هێژمۆنی خۆیان و لەلایەک لەڕێی سیاسی‌سڕینەوە لەم دیاردانە حەولی قەباحەت‌سڕینەوە لە تەحمیل و پاوانخوازێتی خۆیان دەدەن.

 

 

ئەرک و کارکردی زمان

زمان وەک تواناییەکی دەروونی بۆ بیرکردنەوە لەگەڵ مرۆڤ لەدایک دەبێت، مرۆڤ بەرهەم دێنێت، مرۆڤ دەگەڵ زمان پەرە دەستێنێت، باڵا دەکات و دەمرێت. زمان چوارچێوەی دەرکەوتنی مرۆڤە، پێناسەی مرۆڤە و مرۆڤ لەڕێی زمانەوە دەناسرێت و دەناسێندرێت. دەشێ بگگوترێ کە مرۆڤ و زمان ژانووسێکن، بەجۆرێ کە نە زمان بێ مرۆڤ بوونی دەبێت و نە مرۆڤ بەبێ زمان بوونی دەبێت. مرۆڤ لەڕێی زمانەوە خۆی و ئەوی‌تر پێناسە دەکات، سنوور دیاری دەکات، کردوە و دژکردەوە دەنوێنێت، هەڵوێست دەگرێت و هەست دەردەخات.

زمان نیزامێکی پێکهاتەمەندە بۆ پێوەندی‌گرتن لەنیوان مرۆڤەکان‌دا، لەڕاستی‌دا زمان لەڕێی وشەکان، نیشانەکان، ڕەستەکان و نووسراوەکان مەبەستێک،خواستێک یان چەمکێک دەگەیەنێت. دەشێ بگوترێ زمان سەرەتا بەستێنێکە کە لەودا مانایەک، مەبەستێک، هزرێک پەروەردە دەکرێت و دوایی لەڕێی زمان وەک نیشانە ڕواڵەتێکان ئەم مەبەست و هزرە دەگەیەنرێت. سێ تایبەت‌مەندی گریگنی زمان بریتین لە: توانایی زاوزێ، بان چین‌و توێژی، گرێبەستی‌کۆمەڵایەتی(واتە دیاردەیەکی گەوهەری، مسۆگەر و هەمیشەیی نیە). یەکێک لەگرینگ‌ترین هزر و ئەندێشە مۆدێڕنەکانی لە هەناوی زمان‌دا پەروەردەکراوە و لەڕێی زمان وەک نیشانە بەشێوەی نیزامێکی پێکهاتەمەند دەرکەوتوە، نەتەوەخوازیە. زمان بەهۆی ئەوەکە دەرخەری ئەزموونی گشتی نەتەوەیەکە دەورێکی گرینگی هەیە لە ڕاگواستنی شووناسی نەتەوەیی. زمان بەرهەمی تووخم‌گەلێکە کە وەڕناگێڕدرێنەوە بەهۆی ئەوەکە لەخۆگری ڕوانگەی ڕەسەن و تایبەتی ژینگەیەکی تایبەتە کە زایەڵەی ڕاستەقینەی پەروەردەکراو لەناو ئەو توخمانە دایە. بنێدیکت ئەندرسۆن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوەکان سەرەتا لە زمان‌دا دەردەکەون تا خوێن. ئەو لەدرێژەدا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوەکان بەرهەم‌گەلێکی کلتورین کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم‌دا بەشێوەی زمانەلۆکاڵێکان دەرکەوتن، واتە پەرە و مسۆگەر بوونی زمانە لۆکاڵێکان و پاشەکشەی زمانی کلیسا بەستێنی دەرکەوتنی نەتەوەکان بوە.

 

زمانی فارسی سەپێندراوێکی سیاسی

زمانی فارسی کۆڵەکەیەکی‌گرینگی نەتەوەخوازی‌فارسی، ئێرانی زەینی و ڕواڵەتی و دەسەڵاتی فارسیە. لەڕاستی‌دا زمانی فارسی وەک کۆگشتیەک لە دیاردە زەینێکان بە مانای شووناس، ئەندێشە و ڕوانگە لە تەنیشت دیاردە ڕواڵەتێکان وەک نیشانە، وشە و ڕەستە هەم هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایەکی نەتەوەییە و هەمیش بەرهەم‌هێنی کۆمەڵگایەکی‌نەتەوەیی بەربڵاو وبەرفراوانە لەرێی سەپاندنی دیاردە زەینی و ڕواڵەتێکان. بە کورتی دەشێ بگوتری کە زمانی فارسی گرینگ‌ترین و سەرەکی‌ترین بنەمای دەرکەوتنی نەتەوەخوازی ئێرانی و بەرهەم‌هێنی دەسەڵاتێکی پاوانخواز، سەرەڕۆ و داپڵۆسێنەرە. زمانی فارسی لەڕاستی‌دا زمانی داگیرکەرە، بەستێنێکی زەینی و چوارچێوەیەکە کە لەودا مانا، فام و تێگەیشتوویەکی  فارسی تیا بەرهەم هاتوە. نەتەوەخوازی ئێرانی و پان‌ئێرانیسم وەک ئایدۆلۆژی سەرەتا لە زمان‌دا هەم وەک تواناییەک بۆ بیرکردنەوە و هەم وەک دەرکەوتەیەکی دەروونی و بەستێنێک بۆ پەروەردە کردنی هزر و ئەندێشە و هەمیش وەک دیاردەیەکی ڕواڵەتی لەخۆگری نیشانە ڕواڵەتێکان بەرهەم هاتوە، بۆیەش لەلایەک لەخۆگری چوارچێوەیەکی مانایی و تێگەیشتوویی فارسیە و لەلایەکی‌تر کەرەسە و بەستێنێکە بۆ سەپاندنی جیهانی هزر و ئەندێشەی فارسی و لەئاستی کلتووری-کۆمەڵایەتی‌دا سەپاندنی شووناسی فارسی و لە ئاستی سیاسی‌دا سەپاندنی هێژمۆنی، سەروەری و دەسەڵاتی سیاسی فارسیە، ئەمەش لەڕێی خوڵقاندنی مرۆڤی گوێ‌ڕایەڵ‌و ئۆبژەیە، ئەو مرۆڤەی کە لەڕێی سەپاندنی زمانی فارسی بەسەری‌دا لەناوەرۆکی لۆکاڵی خۆی بەتاڵ کراوە، لەژینگەی کلتووری و مەعریفی لۆکاڵی بێگانەکراوە و بە دیاردە بێگانەکان ناوئاخن کراوە.


زمانی کوردی زمانی ئازادی

زمانی کوردی زمانی ئازادیە، زمانی مسۆگەرکردنی شووناس، سەربەخۆیی تاکی کورد، چوارچێوەی دەرکەوتنی خود و سنووری جیاکەرەوە لەگەڵ ئەوی‌تری بێگانە. لەڕاستی‌دا زمانی کوردی وەک توانایی بیرکردنەوەی بەکوردی بەستێنێکە بۆ دەرکەوتنی خودی کوردی. زمانی کوردی کۆڵەکەی هەڵسووکەوتی ئاگایانە، بیرمەندانە و ڕسکانی مرۆڤی کوردیە. دەشێ بگوترێ بە حوکمی ئەوەکە زمان توانایی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن، تێگەیشتوویی و فامە، زمانی کوردی توانایی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە خۆدی کوردانە و فامی خودی کوردیە وەک تاک و نەتەوە و ئەمەش بەمانای توانایی تاکی کوردی بۆ پێش‌گرتن لەداگیرکران و توانایی بۆ ڕزگاری و ئازادیە. هێردێر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زمان بەردەوامی میژوویی و کلتوری گەرانتی دەکات، بۆیەش زمانی کوردی وەک بەستێن و مجالێک بۆ بەردەوامی میژوویی و کلتوری کورد وەک تاک و نەتەوە دەور ونەخشێکی گرینگی هەیە.

 نەتەوەخوازی کوردی وەک دژکردەوەیەک بە دژ ئەوی‌تری داگیرکەر سەرەتا نەتەوەخوازیکی زمانیە، واتا لەگەڵ ئەوەدا کورد لە نێوان سێ زمانی بێگانەدا پارچەکراوە، سێ زمانی بێگانە حەولی سەپاندنی کلتور، بەها و شووناسی دژەکورد و ناکوردانەی بەسەر کوردا داوە، لەڕێی زمانی کوردێوە ڕێبەڕانی نەتەوەخوازی کوردی حەولی یەک‌گرتووی و یکپارچەیی کوردیان داوە، حەولیان داوە لەڕێی زمانی کوردی سنوورە دەسکردە ڕواڵەتی، زمانی و کلتوریە داسەپاوەکان بشکێنن. هەرچەند ڕەنگە نەتەوەخوازی کوردی زۆرجار لەنێو ئەم سنوورە دەسکردانەدا قەتیس مابێتەوە، واتە حەولی دابین‌کردنی مافی چارەی خۆنووسینیان لەناو ئەم ژێئۆپۆلەتیکە دەسکردانەدا دابێت، بەڵام هەموویان بە ڕایەڵی زمانی کوردی لیك گرێ دراونەتەوە، واتە نەتەوەخوازی کوردی هەموو پارچەکان لەڕێی زمانی کوردی جیهانێکی کوردی یەکگرتوویی بەرهەم‌هێناوە. لەڕاستی‌دا زمانی کوردی توخمی سەرەکی و بەردەوامی نەتوەخوازی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان بوە. کوردستان تا بەر لە دەرکەوتنی نەتەوەخوازی کوردی و ئەندێشەی کورد وەک نەتەوە و نەتەوە بان عەشیرە و خێڵ، کۆمەڵگایەکی داپچڕاو، پەڕتەوازە و لێک‌دابڕاو بوو، بەڵام زمانی کوردی توانی بەسەر هەموو خێڵ‌و عەشیرەکان‌دا پردێک لێ‌بدات و کۆمەڵگای عەشیرەیی کوردی بەهەموو جیاوازی و سنووربەندێ خێڵەکێکانی لەناو نەتەوەی کورد‌دا کۆ بکاتەوە. کەوابێ یەکێک لەگرینگ‌ترین بەستێنەکان کە نەتەوەخوازی کوردی تیا پەروەردەکرا و بەستێنی پەرە و مسۆگەرکردنی نەتەوەخوازی کوردی بوو، زمانی کوردی بوو. یەکەم بەستێنەکانی دەرکەوتنی نەتەوەخوازی کوردی دەشێ بگوترێ بریتی بوون لە: شێعر، بەیت و چیرۆک‌گەلێکی حەماسی کوردی کە لەزمان‌دا  پشکووتن و هەر لەڕێی زمانی‌کوردیش‌ڕا گواستڕانەوە بەرەکانی‌تر و بەم شێوەیە نەتەوەخوازی وەک ڕۆباڕێکی ڕەوان لەناو بەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی‌دا چاخەکانی زەمانی بڕیوە. دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە بەزمانی کوردی، لەتەنیشت پەرەی خوێندن بە زمانی کوردی دەورێکی گرینگی هەبوە لە پەرە و مسۆگەربوونی نەتەوەخوازی کوردی، بۆیە دەشێ گبتورێ کە نەتەوەخوازی سیاسی کوردی لە کوردستان سەرەتا وەک نەتەوەخوازی زمانی و کلتوری دەرکەوتوە و لە درێژەدا گەیشتۆتە ئاستی سیاسی، بەواتایەکی‌تر بنەما سەرەکێکانی نەتەوەخوازی سیاسی کوردی بریتین لە نەتەوەخوازی زمانی و نەتەوەخوازی کلتوری.

سەرچاوە: زمان لەگوێن دەرکەوتەی سیاسی (نەتەوەخوازیی زمانی بنەمای نەتەوەخوازیی سیاسی) (kurdshop.net)

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی