۱۴۰۲ آذر ۲۵, شنبه

خەبات لەگوێن شەڕەف، شەڕەف لەگوێن بوون

 





(نەتەوەخوازی کوردی لەگوێن شەڕەف)

شاهۆ حوسینی

شەڕەف نە لەفۆڕمی تێئۆلۆژیکێکی‌دا و نە لەڕوانگەی نەریتی‌دا کە جێگیرکراو و بیندراو لەناو چوارچێوە و فۆڕمی ڕوالەتی‌دایە و لەخۆگری چوارچێوەیەکی پۆزەیتۆویستیە لەسەر ئەساس و بنەمای سامان، بنەماڵە، ڕەچە و ڕەچەڵەک، کە لەفۆڕمی مۆدێڕن‌دا بە تێ‌گەیشتن لەڕێی ناوەرۆکی زەینی، مەعریفی و ئەندیشە بەمانای بەرپرسیارێتی، هەستی خاوەندارێتی‌و پاراستنی‌کەرامەت، کەسایەتی و شووناسی سەربەخۆی تاکی خۆبنیادنەر، خۆسەروەر و سەربەخۆ بۆ داڕشتنی مانا و فام ‌لە خۆ و جیهان، ڕەنگە ژێرخان و شەرعییەتی خەبات، بەربەرەکانی و بەرخۆدانی مرۆڤ بێت. ڕاسان بەدژ هەموو کردەوە و حەول و کۆششێک بۆ بەرگرتن لە دەرکەوتن، پشکووتن و سەرهەڵدانی ئازادی، ڕزگاری و سەربەخۆیی تاک لە بەستێنی بەربەرەکانی و حەول بۆ داپڵۆسین، داماڵین‌و بەتاڵ کردنی تاک لە "خۆ". لێرەڕایە کە پێوەندیەکی قوڵ لەنێوان سوبژە و شەڕەف دەردەکەوێت، لەڕاستی‌دا دەشێ بگوترێ کە سوبژە و شەڕەف ژانووسێکن کە نەبێ‌یەک دەردەکەون و نەبوونیان مسۆگەر دەبێت. مرۆڤێکی کە لە کەسایەتی، کەرامەت و پێگەی خۆی لە جیهان تێ‌دەگات، حەولی خۆبنیادنان، خۆداڕشتن و داڕشتنی جیهان و ژیانی دەدات، لەم ڕەوتەدا شەڕەف بە تێ‌گەیشتن لە"خۆ" دەست پێ‌دەکات و بە حەول بۆ سەربەخۆیی "خۆ" درێژەپەیدا دەکات و بە خەبات و بەربەرەکانی بۆ پێش‌گرتن لە بەئۆبژەگرتنی دەگاتە لووتکە.




 

نەتەوەخوازی لەگوێن شەڕەف

مۆدێڕنیتە کە بەتەوەرەگرتنەوەی تاک لەئەندێشەی دێکارت‌ڕا دەرکەوت لە ئەندێشەی فیشتە و هێگل‌دا دێتەناو چوارچێوەی نەتەوە، واتە ئەگەر تاک بە ئاگایی، فام و لەخۆ تێ‌گەیشتن، شەرعییەتی نەزەری و مەعریفی سەربەخۆیی، ئازادی و ڕزگاری دادەڕێژێت، ئەوا لەدرێژەدا لەڕێی‌گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، ئاگایانەو ئیرادیانە لەلایەن تاکەکانەوە لەدرێژەی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵ‌دا تاکەکان بنیادی نەتەوە دادەڕێژن، واتە فۆڕمێکی مۆدێڕن لە ئاگایی گشتی، فام‌و لەخۆ تێ‌گەیشتن لە قەوارەی نەتەوەدا دەردەکەوێت، کەسنووربەندیەک لەنێوان بەها، نۆڕم و کلتووری کۆمەڵگاکان دادەڕێژێت و بەم شێوەیە نەتەوە دەردەکەوێت. بەم شێوەیە شەڕەف لە فۆڕم و چوارچێوەی تاک‌ڕا دەگوازرێتەوە ناو نەتەوە، نەتەوەخوازی وەک شەڕەف دەردەکەوێت و شەڕەفی نەتەوەخوازی وەک پێوەرەی بوونێکی سەربەرزانە دەردەکەوێت. لەڕاستی‌دا دەرکەوتنی نەتەوە بەمانای دەرکەوتنی فۆڕمێک بوون، پێکهاتەیەک لە بوون، چوارچێوە و قەوارەیەک لەبوونە وەک بەرهەمی یەکگرتووی، ڕێک‌کەوتن و یەکپارچەیی تاکە جیاوازەکان، هەر بەم جۆرەی سللولەکان، دیاردە ڕواڵەتێکان و بەسي جیاوازەکان بەرهەم‌هێنی تاک بوون، ئەوا تاکەکانیش بەرهەم‌هێنی نەتەوەن. واتە مێتا سوبژەیەک کە لەگەڵ ئەوەدا ئاماژەیەکە بۆ سوبژەکان، لەهەمان کاتیشا ئاماژەیەکە بۆ بوونێکی نوێ و بان‌تر لە سوبژەی تاک، ئەم گواستەنەوە و ئاڵوگۆڕیە هەموو دیاردەکانی تاک، خواستەکان، وێناکان، فام و تێگەیشتنەکانی تاک، بەها، نۆڕم و کلتوورەکانی تاک و یەک لەوان شەڕەف‌و شەڕافەتیش دەگوازێتەوە ناو فۆرماسیونی شووناسی نەتەوە.

دەرکەوتنی نەتەوەخوازی‌کوردی ڕەوتێکی‌سوبژێکتویستانە بوو بەدژ ڕەوتی بەئۆبژەکردن، تواندنەوەو بەرهەم‌هێنانی بوونێکی دەسکرد لە کورد لەناو قەوارە و چوارچێوەی بوونی ئەوی‌تردا، لەڕاستی‌دا ڕێک کەمتر لە دوو دەیە لەپاش شەڕی یەکەمی جیهانی کە بەشێکی بەرچاو لەکوردان لەژێر تەوەژمی فام و ئاگایی ئیسلامی بوونە دەستەچیلەی ئاگری شەڕی نێوان عوسمانی و بەرەی دژبەری، بەبێ ئەوەکە هیچ دەسکەوتێک یان بەرژەوەندیەکی کوردانە و نەتەوەیانە پاڵنەر و ڕێکخەری ئەم پاڵپشتیە بێت، تاکی کورد بە فۆڕمێک لە ئاگایی، فام و تێ‌گەیشتن لەخود دەگات کە دژ بە هەموو ئەو شووناسە، مانا و وێنایانە دەوەستێتەوە کە داگیرکەران لە کوردیان بەرهەم‌هێناو و بەتەمان لەناو ئەو قەوارە و فۆڕمە دەسکردانەدا کرێ‌نشینی بکەن. نەتەوەخوازی جیهانێکی کوردانە بۆ کورد دادەڕێژێت لەسەر ئەساسی شەرعییەتی مافی هەموو مرۆڤێک و نەتەوەیەک بۆ ئازادی، بەرابەری و سەربەخۆیی، هەر بەم جۆرەی ئەم شەرعییەتە بۆتە بنەمای سەربەخۆیی و دەرکەوتنی نەتەوە سەربەخۆکانی‌تر، لەڕاستی‌دا نەتەوەخوازی کوردی تەنیا فامێک، عەقڵانییەتێک، وێنایەکی هاوبەش لەتاکی کورد یان ئایدەیەکی ڕووت بۆ بنیادنانی دەسەڵاتێکی سیاسی نیە، بەڵکە شەڕەف و شەڕافەتێکە بۆ تاک و کۆمەڵگای کوردی بەمانای خەبات و بەربەرەکانی بۆ دەرکەوتنی تاکی کورد وەک کورد و کۆمەڵگای کوردی وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی عەقڵانییەت، فام و تێ‌گەیشتنێکی سەربەخۆیانە لەخۆی، ئەوی‌تر و جیهان. نەتوەخوازی کوردی حەولی دەرخستنی بوونێک دەدات بە سێ تایبەت‌مەندی: یەکەمیان جیاواز، بە مانای لە دەرەوەی ئەو سنوورە دەسکردانە و ئەو فۆڕمە دەسکردانەی کە داگیرکەران بۆ کوردیان وەک فۆڕم و قەوارە داڕشتوە. دووهمەیان سەربەخۆیان بە مانای لەدەرەوەی ئیرادە، هێز و دەسەڵاتی زەینی و ڕواڵەتی ئەوی‌تری داگیرکەر. سێهەمیان شەڕافەت‌مەند بە مانای بەرپرسیار، خاوەن هەڵوێست، خاوەندارێتی‌کردن لە "خۆ" وەک تاک و وەک نەتەوە و خەبات و بەربەرەکانی دژ بە هەر داگیرکەر، هێرش‌کەر و پاوانکەرێک.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی