۱۳۹۹ تیر ۱, یکشنبه

لە کوردبوونێکی دووساحەیی‌ڕا بەرەو کوردبوونێکی یەک ساحەیی

شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

مێشکی هەر مرۆڤێک لە دوو ساحەی ڕاست و چەپ پێک هاتوە کە هەر ساحەی ئەرک و کارکردێکی تایبەت بەخۆی هەیە. بۆ وێنە ساحەی چەپی مێشکی مرۆڤ ناوەندی گوتار و شرۆڤەی لۆژیکی پێوەندیکانە، لەکاتێک‌دا ساحەی ڕاست ناوەندی هونەر و هەستە. لەنێوان ئەو دوو ساحەیەدا ماتریالێک هەیە بەناوی "ڕایەڵی لێک‌گرێ‌دەر" کە بەر دەگرێت بە ئاڵوگۆڕی بێ‌نەزمی سیگناڵ لە ساحەی ڕاست بۆ چەپ، بەڵام ئەگەر چالاکی ئەو ماتریالە لاواز بێت، شعوری مرۆڤەکان تووشی کێشە دەبێ، هەست هێژمۆنی بەسەر شعوردا پەیدا دەکات. بەجۆرێ کە مرۆڤەکان تووشێ وەهم دەبن، ئەو مرۆڤانە لە دەروونی خۆیان‌دا هەست بە هێندێک‌دەنگ، توانایی، تایبەت‌مەندی و ڕەنگ دەکەن کە لە جیهانی دەرەوەی ئەو بوونی نیە بەڵام ئەو ئەوان وەک حەقیقەتی جیهانی دەرەوە فەرز دەکات، ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی دابڕان و دەرچوونی ئەو مرۆڤە لە واقعییەتەکانی ژیانی ڕاستەقینە و مەوجودی ژینگەی خۆی و بێگانە دەبێت لەو ژینگەیی کە تیا دەژیت. زەینی مرۆڤی دووساحەیی لە توانایی بیرکردنەوەیەکی بیرمەندانە و لۆژیکی بێ‌بەهرەیە. مرۆڤی دووساحەیی واقعییەتە وەهمێکانی دەروونی خۆی وەک حەقیقەتی ڕەها و نەگۆڕ فەڕز دەکات، بەهیچ شیوەیەک ڕەخنە هەڵناگرێت و بە تووندی دژی ڕوانگە جیازەکان دەوەستێتەوە و حەولی لەناو بردنیان دەدا.

مرۆڤی دووساحەیی:

دوو ساحەیی هێمای بوونێکی وەهمیە و ئاماژەیەکە بە سەرەدمێک لە ژیانی مرۆڤە کە زەین و ڕەوانی مرۆڤ لەسەر ئەساس وبنەمای وەهمی کەلامی بنیادنرابوو. جێ پێی ئەو پارادایمە بەدرێژایی ژیانی مرۆڤەکان لەو جێگایەی کە هێشتا ئاگایی و بیرمەندی سەری هەڵنەداوە و پەرەی نەگرتوە دەبیندرێ کە سێمبولە هەرە بەرچاوەکانی خوداکان و ئایینەکانن. بیرمەندان لەسەر ئەو باوەڕەن کە لەنێوان ئاگایی و زمان دا جیاوازی هەیە، لەڕاستی دا مرۆڤی دوو ساحەیی بەردەوام حەولی بەرهەم هێنانی هێماگەلێکی لەگوێن خوا، پیغەمبەر و پاشای داوە، بەجۆرێ کە هەم خۆی لە وەهمی هێزێکی ڕزگاری کەر، دەسەڵاتێکی ڕێ پێشان دەر و زانایەکی ڕێبەڕدا دیوە و هەم ڕەنگە لە ناو جەستەی کەسانی تردا ئەو تایبەت مەندیانەی دۆزیبێتەوە بۆ داپۆشین ترس، دڵەڕاوکێکان و کەم و کۆڕێکانی خۆی. بەرچاو‌ترین وێنای زەینی دووساحەیی ئایدۆلۆژیە، ئایدۆلۆژێکان بەبێ ئەوەیکە لەسەر بنچینە و ئەساسی وێک‌چوونێکی واقعی لەگەڵ جیهانی دەرەوە سەریان هەڵدابێ، بەرهەمی حەقیقەتێکی وەهمین لە فام و وێناکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا، حەقیقەتێک کە لە زەینی ئیدئۆلۆگەکان‌دا بەرهەم‌هاتوە.

لە سەردەمی ئێستاش دا هێشتا پاش‌ماوەکانی دووساحەیی لەناو کۆمەڵگا نەریتێکان دا و یەک لەوان کۆمەڵگای کوردی‌دا ماوە، کە لە گرینگترین میراتەکانی زەینی دوو ساحەیی دەشێ ئاماژە بە "کلتوورە ئایینێکان" و "ئۆراکۆلەکان" بکرێ، کە دیارترین و بەرچاوترین دیاردەی کلتوری ئایینی، پاراستنی پێوەندی ڕوحی مرۆڤ لەگەڵ بوونەگەورەکانن و لە گرینگترین دیارەی ئۆراکۆلەکایش دەشێ ئاماژە بەو بوونانە بکرێ کە بەدوور لەهەر جۆرە زانست و ئاگاییەکی مەعریفی و زانستی خەریکی پێشگۆیین، بەجۆرێ کە هەرکەسێک بە هەر ڕێژەیەک لە نەخوێندەواری و غیابی ئاگایی بیرمەندانە لەناو جەغزی ئەو وەهمەدا دەخولێتەوە کە پێی وایە هێزی داڕشتنی نەخشەڕێگا، توانایی ڕێگادۆزینەوە و توانایی لە قەیران بەدەر بردنی جیهان، نەتەوە و کومەڵگاکەی هەیە. ئەمڕۆکە لە زانستی دەروون ناسی دا ئەو دیاردەیە بە ئێسکیزووفێڕنی پێناسەدەکەن، مرۆڤێکی کە تووشی ئەو قەیرانەیە لە دەروون و لەناو وەهمی دەروونی خۆی دا گوێی لە دەنگ و نەدا گەلێک دەبێ کە ئەوان وەک زانایەکی گشتی پێناسەدکات و وەهمی گەورەیی بەو مرۆڤانە دەبەخشێت. نموونەی بەرچاوی ئەو مرۆڤە دووساحەیانە لە شەقامی سیاسی کوردا زۆر بەرچاون. کەسانێک کە وەهمی دکتۆری، مامۆستایی، پسپۆری، ڕۆژنامەوانی، ئیدئۆلۆگی و...... لێ دەبارێ. پێیان وایە کە بەسەرچاوەی حەقیقەت گەیشتوون، حەول دەدەن یان ئەوی‌تر وەک‌خۆ لێ‌بکەن، یان بێ‌دەنگی بکەن یان بی‌‌سڕنەوە. ئەو فۆرم لە کوردایەتیە لەگەڵ دۆخ و ماتریالە واقعێکانی کۆمەڵگا و جیهانی دەورووبەر بێگانەیە. نەیتوانیوە پێوەندیەکی واقعی و درووست لەگەڵ کۆمەلگا و جیهانی دەورووبەر بگرێت. بەکورتی مرۆڤی دووساحەیی لەلایەک هێمای ئەو مرۆڤانەیە کە هەست بە حەقیقەتێکی وەهمی دەکەن و پێیان وایە کە ئەرک و بەرپرسیارەتێکی مێژوویان لە ئەستۆیە وەک ئیدئۆلۆگ، ڕینما و ڕێ‌پێشاندەر، بەبی ئەوەی‌کە تێگەیشتوویەکی زانستیانە و بیرمەندانەیان هەبێت. لەلایەکی‌تر هێمای ئەو مرۆڤانەن کە کوێر کوێرانە بۆنە ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵی حەقیقەتیکی وەهمی و پاساو‌کەری هەستی دەروونیان لە غیابی هەرجۆرە شعوریکی بیرمەندانە.

مرۆڤی یەک ساحەیی:

یەک ساحەیی لەبەرامبەر دووساحەیی‌دا ئاماژە بە کارکردی درووستی "ڕایەڵی‌لێک‌گرێ‌دەر" و نەزم‌دان بە پێوەندی ساحەی ڕاست و چەپی مێشکی مرۆڤەکانە. لەڕاستی‌دا هەرکاتێ پێوەندی بەردەوام و بێ‌حیسابی نێوان ساحەی ڕاست و چەپی مێشکی مرۆڤ بەهۆی ئەو ماتریالەوە کە وەک "پردێک" ناسراوە کۆنترۆل بکرێ، مرۆڤ ئەو تواناییە وەدەست‌دێنێ کە حەقیقەتی واقعی(ئەو ماتریالەی) کە لە جیهانی دەرەوەی مرۆڤ هەیە، ئەو جۆرەی هەیە نە ئەو جۆرەی حەزی لێیە، بیناسێت و فامی بکات. واتە پێوەندێکی ریئالیستانە لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەگرێت، پێوەندیەک لەسەر ئەساسی ئاگایی، وشیاری و فامێکی لۆژیکی کە بەرهەمی دەرکی واقعی ژینگەی خۆیەتی.

 ئاگایی و وشیاری دەشی لە ساکارترین فۆڕم‌دا ئاوا مانا بکرێتەوە کە بریتیە لە فۆرمێک ئەزموون‌کردنی حاڵات و دیاردەکانی نێو زەینی مرۆڤ کە بەرهەمی پێوەندێ ڕێئالیستانە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی مێشکی مرۆڤە، یان بەشێوەیەکی‌تر دەشێ بگوتری کە ئاگایی بە مانای ئەزموون‌کردنی زایەڵەی واقعی جیهانی دەرەوە لەنێو مێشک و زەینی مرۆڤ‌دایە، وێکچووی ئاگایی و وەهم لەوەدایە کە هەر دووکیان ئەزموونی دیاردەکان و حاڵەتەکانی دەروونی زەینی مرۆڤەکانن، بەڵام جیاوازێکان لەوەدایە کە وەهم زایەڵەی ئەو دیاردانەیە کە نموونە و میسداقیان لەدەرەوەی جیهانی مرۆڤ نیە، بەڵکە حەقیقەت گەلێکن کە تەنیا لەناو زەین و مێشکی مرۆڤ‌دا بەرهەم هاتوە، بەڵام ئاگایی زایەڵەی ئەو دیاردانەیە لەناو زەین و مێشکی مرۆڤ‌دا کە نموونە و میسداقی واقعیان لەدەروەیی مێشک و زەینی مرۆڤ‌دا هەیە.

لە زەینی یەک ساحەیی‌دا ئەگەر شعور وەک بەشی چەپی مێشک و هەست وەک بەشی ڕاستی مێشک فەڕز بکرێت ئەوا دەکرێ زانست و ئەندێشە وەک  "ڕایەڵی‌لێک‌گرێ‌دەر" پیناسە بکرێت کە دەتوانێ بە کۆنترۆڵ کردنی جۆر و فۆرمی پێوەندی ئاگایی و هەست، بەرهەم هێنی فام و دەرکێکی ریئالیستانە بۆ مرۆڤ بێت. واتە ئەگەر لە زەینی دوو ساحەیی‌دا لەنێوان شعور و هەست‌دا هیچ زانستێک، شعورێکی بیرمەندانە، ئەندێشەیەکی لۆژیکی وەک "پرد" بوونی نەبێت ئەوا پێوەندی ناڕێک‌ و هێژمۆنی هەست بەسەر شعوردا بەرهەم هێنی فۆرمێک لەفام و دەرک دەبێت کە ماتریالەکانی ئەو فامە لە جیهانی دەرەوە‌دا هیچ بوونێکی واقعی و حەقیقیان نیە، بەڵکە تەنیا لەناو زەینی مرۆڤ‌دا وەک حەقیقەت فەرز کراون. بەڵام بەپیجەوانە لە زەیەنی یەک ساحەیی‌دا زانست، شعوری بیرمەندانە و ئەندێشەی لۆژیکی نەتەنیا بەر دەگرێت بە هێژمۆنی فامی وەهمی، کە بە کۆنترؤل کردنی جۆری پێوەندی شعور و هەست بەرهەم هێنی فامێکی ئاگایانە و وشیارانە دەبێت[1].

ئاکام:

کوردبوونێکی کە ئێستا لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا بوونی هەیە بێ‌گومان هێژمۆنی هەست و تایبەت‌مەندی دووساحەیی بە ئاشکرا پێوە دیارە بە تایبەتی ئەو بەشە لە کوردان کە نیشتەجێی دیازپۆران بەهۆی ئەوە کە لەنێوان ئەو واقعییەتانەی کە ماکە و ماتریالی سەرەکی بەرهەم هێنی حاڵەت و دیاردەی زەینی و ئەزموون‌کردن و فام بە مانای ڕەوتی ئاگایین، لەگەڵ ئەو واقعیەتانە ڕاستەقینانەی کە وەک ماتریال و ماکەی جیهانی دەرەوە بەرهەم هێنی فام و ئاگایین کەمترین وێک‌چوویان هەیە، واتە بە هۆی غێابی زانست، ئەندێشەیەکی لۆژیکی و زانست تەوەرە هەست بەسەر شعور‌دا هێژمۆنە و فامی وەهمی لەغیابی زانست و شعوورێکی بیرمەندانە وەک نەزم‌دەر و ڕێکخەری هەست و ئاگایی، مرۆڤ تووشی خولیا و وەهمی حەقیقەت کردوە. ئەگەر کورد نەتوانێ بە پشتیوانی زانست و شعوورێکی بیرمەندانە ماکە و ماتریالەکانی جیهانی دەرەوە و ژینگەی دەوروو بەری خۆی ئەوە جۆرەی کە هەن لە ناو زەین و مێشکی خۆی‌دا دەرک، فام و ئەزموونیان بکات‌و ببێتە ئاگایی، ئەوا ئەو وەهمە کورد لە جیهانی واقع دادەبرێت و ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگات.



[1] _ جولین جینز: کتاب منشا آگاهی در فروپاشی ذهن دوساحتی، مترجم : سعید همایونی، تهران، نشر نی.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی