۱۳۹۹ اردیبهشت ۲۸, یکشنبه

فۆڕمی ڕواڵەتی مۆدێڕن لەغیابی عەقڵییەتی مۆدێڕن و خەسارەکانی

شاهۆ حوسێنی

دەسەڵات بۆ دەسەڵات نە بۆ خزمەت، نە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی، ئەوە درێژەی هەمان عەقڵییەتی نەریتیە کە سنووری بەرژەوەندی تەنیا عەشیرە، بنەماڵە، چین، تاقم، لایەنگر و ڕێکخراوە دەگرێتەوە. بە پێچەوانەی عەقڵییەتی نەتەوەیی کە دەسەڵات لەودا کەرەسەی خزمەت بە نەتەوەیە چونکە سنووری بەرژەوەندی نەتەوەیە.

بە کورتی عەقڵییەتی نەتەوەیی بە مانای فۆرم گەلێکی(پلۆرالیزمێکی) مانایی جیاوازی مەشروع و جێگای متمانەی لیک گرێدراو لە پێوەندی ئینتیێرسۆژێکتیڤ دا لە کۆردستان بوونی نیە.

سیاسەتی حیزبی و حیزبایەتی بە مانای شەرعییەتی پلۆرالیزمی کەلێن و قەڵشە کۆمەڵایەتێکان کە بەرهەمی رەهەندی پەسا دەوڵەت نەتەوەیە و بۆ دێمۆکراتیزە کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێڕن سەری هەڵدا، لە کوردستانی پیشا نەتەوە و پیشا دەوڵەت- نەتەوە فۆڕمە ڕووسێکەی کە چوارچێوەیەکی داخراو و مونزەبیتی هەیە، بوو بە هۆکاری دابڕان و ڕادیکاڵ تر کردنی قەڵش و کەلێنەکان، حیزبایەتی هەم پێشی گرت بە سەر هەڵدانی عەقڵییەتی نەتەوەیی و هەم پێشی گرت بە یەکگرتوویی نەتەوەیی و هەم پێشی گرت بە شەرعییەت و وێک هەڵکردنی ڕۆانگە جیاوازەکان لەمەر نەتەوە. چونکە فۆرم گرتنی نەتەوە ڕەهەندێکە لە بان قەڵش و کەلێنە کۆمەڵایەتێکان دا جێی گرتوە، واتە بەر لەوەکە کەلێن و قەڵشە کۆمەڵایەتێکان ئەکتیو بکرێن وەک ڕێکخەر و هاندەر بۆ دەستەبەر کردنی مافی چینایەتی، نەتەوە فۆڕم دەگرێت و ئینجا لە ناو سنوور و جوغرافیای نەتەوەدا چین و توێژەکان شوێن مافەکانیان دەکەون. ئەوە لەکاتێک دایە کە حیزبایەتی لە کوردستان قەڵش و کەلێنی چینایەتی، ئایینی و نەتەوەیی لە بەرامبەر یەک دا ئەکتیڤ کرد، حیزبی دێمۆکرات وەک سێمبۆلی خواستی نەتەوەیی، کۆمەڵە وەک سێمبۆلی خواستی چینایەتی و مەکتەب قورئان و ئیخوان وەک سێمبۆلی خۆاستی ئایینی بەر لەوەکە لە بەرەیەکدا کۆببنەوە لە ڕووبەڕووی یەک دا سەنگەریان گرت. ئەوە لەکاتێک دایە ئێستاشی لەگەڵ بێ گرووپ و ڕێکخراوە وەک کارگ دەم بە ساعەت هەڵدەتۆقێت و هەر دوو کەس و سێ کەس شێوە حیزب و رێکخراوەیەک بنیاد دەنێن، کە نیشان دەدا ئەگەرچی زانیاری لەمەر حیزبی سیاسی پەرەی ئەستاندوە بەڵام نە عەقڵییەتی سیاسی مۆدێڕن و نە عەقڵییەتی مۆدێڕنی حیزبایەتی لەناو کوردا بوونی هەیە و غیابی ئەو عەقڵییەتانەش هۆکارێکی گرینگن لە هێژمۆن کردن و مسۆگەر کردنی مۆنۆلۆگ بوون، موتڵەق بوون و پاوانخوازێتی.

کۆمەڵگای کوردی هێشتا تێنەگیشتوە سیاسەت، حیزب ، کۆمەڵگا وبەعام هەموو فۆڕمە ڕواڵەتێ سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری وئابوورێکانی ناو کۆمەڵگا لەخزمەت پەرەی سۆبژێکتویتە و سەیروورەتی سوبژە وەک فۆرمێکی عەقڵانی و بیرمەندانە لە مرۆڤ دایە، بەڵکە هەر لەسەر ئەساسی هەمان ئێپیستمەی کۆن و نەریتی لەمەر مرۆڤ، حەولی مسۆگەر کردنی فۆڕمە ڕواڵەتێ نوێیەکان دەدا، ئەو ئێپیستمە نەریتیانەی کە بەردەوام کەری ئۆبژێکتویتە و سەیروورەتی مرۆڤی ئۆبژە و ملکەچن. بۆیەش لێکەوتەکانی ئەوڕەهەندە بۆ کورد ئازادی، سەربەخۆیی و مافی نەتەوەیی نابێت، مادام کورد نەگەرێتەوە سەرچاوەی زانستی، کلتووری و عەقڵییەتی ڕۆژئاوایی و یەک جار بۆ هەمیشە پێویستە کلتووری نگریسی لێنینستی بەجێ بهێڵێ.

لە زانست، کلتوور و عەقڵییەتی ڕۆژئاوایی دا مرۆڤ تەوەرەیە، فۆڕم هەڵقوڵاو و بەرهەمی زانست و ئەندێشەی مرۆڤی سوژەیە. بەر لە حێزبی سیاسی نەتەوە و دەوڵەت نەتەوە بەرهەم دێت و بۆ دێمۆکراتیزە کردنی نەتەوە و دەوڵەت نەتەوەی مۆدێڕن حیزب، پاڕڵمان و هەڵبژاردن سەر هەڵدەدەن. ئەوە لەکاتێک دایە کورد بە حیزبی سیاسی بەتەمایە نەتەوە، دەوڵەت نەتەوە و دێمۆکراسی بەرهەم بێنێت. ڕەوتێکی بەرئاوەژوو کە ئاکامەکەی نە دەوڵەت نەتەوەی کوردی، نە سەربەخۆیی و نە ئازادی و دێمۆکراسی دەبێت.

مێژووی کورد

 جگە لە مێژووی کورد هیچ مێژوویەک لە ئێران بوونی نیە