۱۳۹۷ فروردین ۲۵, شنبه

کورد، بوونێکی سترۆکتوراڵ


"گێڕانەوەی "ئەوی‌تر" لەدەلاقەی ڕۆژهەلات ناسێوە( orientalism )"

شاهۆ حوسینی

کورد وەک ئەوی تری فارس، عەرەب و تورک بوونێکی ساز کراو و داڕێژراوە لەلایەن ئەوانەوە، بۆیەش زەین و مێنتالیتەی کوردی ڕۆژهەڵاتی، باشووری و باکوری و ڕۆژئاوایی واتە کورد بوونیان جێاوازی تیا بەدی دەکرێت. هەر نەتەوەیەکی باڵا دەست لەو وڵاتانەی کوردی تیا پارچە کراوە، لەدەلاقەی زانست و بەپێی شووناسی دەسەڵات، کوردی وەک ئەوی تری خۆی پیناسە کردوە و فۆرم و قالبی هۆوییەتی بۆ داڕشتوە، بە کورتی بوونێکی داگیرکراوە لەلایەن چورا دەسەڵاتەوە شووناسێکی رواڵەتی و زەینی پێ بەخشراوە.

ئەوەی ڕاستی بێت ئەو چوار دەسەڵاتە کۆی گشتێکی ئاڵۆزیان وینا کردوە وەک کورد کە هیچ پێوەندێکی بە کوردی ڕاستەقینەوە نیە، بەڵکە تەنیا بەرهەمی زەینی و هزری خاوەن قەڵەمانێکە کە لەژێر دەسەڵاتی گوتاری فەرمی حکوومەت‌را، شووناس و بوونێکان خوڵقاندوە و بەستێنی بەردەوامی دەسەڵات و پاوانخوازێتی کۆلۆنیالیستانەی خۆیان تیا ڕەخساندوە.

لەڕاستی‌دا پارادایمی ڕۆژهەلات ناسی( orientalism ) بەشیک لە ڕەوتی فۆرمولە کردنی کلتووری بوو کە لە هەناوی خۆی‌دا سیمبۆلی ئەوی‌تر سازێکی ئانتۆلۆژیک بوو کە بەساز کردنی ئەوێکی‌تر شۆناسی خۆیان ڕێکخست و بەرهەمیان هێنا، دریدا لەمەر ڕەوتی بەرهەم هاتنی مانا باس لە "کایەی جیاوازی" دەکات، بەجۆرێ کە مانای هەر شتێک دەروەستە بە جیاوازی و بەدی هێنانی مەودا لەگەڵ ئەوی تر، بەم شیوەیە لە کورد ئەوێکی‌تری دریدایی کە خۆی غایبە و بەهیچ شیوەیەک مەجال و ئیمکانی دوانی لەسەر خۆ نیە، بەرهەمیان هێنا.

لەڕاستی‌دا کورد ئۆبژەیەک بوو کە لەلایەن ئەو چورا نەتەوە باڵادەستە وەک سوبژە بەرهەم هات، بوون و سۆبژەیەکی باڵادەست کە سازکەر و بەرهەم‌هێنی خۆی بوو بە کەڵک وەرگرتن لە گوتاری فۆکۆیی، گوتار بە مانای حاڵەت یا نیزامێکی مانایی کە بەهۆی بەردەوامی نیزامەکانی کۆمەڵایەتی باڵادەست و زاڵ بەرهەم هاتوە و لەخزمەت بەردەوامیشیان دایە، بە واتایەکی تر نیزامێکی ناسیاری کە بەتووندی کۆنترۆڵ دەکرێت و لەنێوان بوونەکانی ناو کۆمەڵگادا سنوور بەندی ساز دەکات. ئەوان لەسێ بەش‌دا کاریان کردە سەر بەرهەم هێنانی کورد وەک ئۆبژە

١_ توێژینەوەی ئاکادیمیک، هەموو ئەو پسپۆر و نووسەر و توێژەرانەی کە لە خزمەت بەرهەم هێنانی کورد وەک ئەوی تر بوون بۆ بەردەوامی خۆی باڵادەست.

٢_ جۆری شیوەی بیرکردنەوە و ناسینەوە لەسەر بنەمای شێوەی ئێپیستمۆلۆژی خودی باڵادەست، کە دەبوو بەهۆی خۆپێناسە کردنی کورد وەک ئەوی تری خودی باڵادەست و لەخزمەت بەرژەوەندی ئەوان‌دا

٣_ ئۆرگانێکی فەرمی حکوومی کە ئەرکی فۆرمۆلە کردن و بەفەرمی بەره‌هێنانی کوردی وەک ئەوی تر لەعۆدە بوو.

بەم شیوەیە ڕۆژهەڵات ناسی( orientalism ) گوتارێک بوو کە بەکەڵک وەرگرتن لەو، دوانەیەکی خود-ئەوی‌تریان بەرهەم هێنا، تا بەکەڵک وەرگرتن لە ڕەوتی ئەوی‌تر ساز کردن، بتوانن ئەوی‌تری ژێردەست لەناو ببەن و بەم شێوەیە فۆرم ببەخشن بە مانا، هزر، شووناس و خودیکی یەکگرتوو و یەکپارچە.

مووسیبەتەکە بەڵام هەر ئەوە نەبوو، بەڵکە مووسیبەتی گەوەرە ئەوە بوو کە کورد لەناو خۆشی‌دا وەک ئەوی تری خودی سوبژە و باڵادەست، دەستی کرد بە فۆرمۆلە کردنی پارادایمی ڕۆژهەڵاناسی و هێزێکی بالادەست وەک سوبژە لەبەرامبەر خۆی‌دا، ئەوی‌تریکی ئۆبژەی ساز کرد و بەم شیوەیە دابڕانیکی قوڵ لەناو کۆمەلگای کوردی‌دا ساز بوو، واتە بە داگەرانی کلتووری چەپی لێنینیستی، دوانە ساز کردن، دابەش کردن و سنوور سازی لەنێوان ئەوانەی وەک من بیردەکەنەوە و ملکەچی دەسەڵاتی منن وەک خود و ئەوانەی وەک من بیرناکەنەوە و رەخنەگری دەسەڵاتی منن وەک ئەوی تر دەستی پی کرد و لەهەموو کەرەسەیک کەڵک وەگیرا بۆ لەناو بردنی ئەوی تر و یەکپارچە کردنی هەمووان لەناو جەغز و بازنەی من وەک خود.

ئاکام:

ئەگەر کورد نەتوانێ خۆی لەدەلاقەی ڕۆژهەڵات ناسی بۆ ڕوانین بە نیسبەت هێزەکان و لایەنەکانی تری کوردی ڕزگار بکات و لە هەمان کاتیش‌دا خۆی وەک پەراوێزخراو بخزێنێتە ناو دەق و ببێت بەبەشێک لەدەق و بەم شیوەیە بەستێین بۆ کۆمەڵگایەکی بێ ناوەند بڕەخسێنێت بەجۆرێ کە لۆژیکی دوانەسازکردنی خودی باڵادەست و زاڵ لاواز بکات، ئەوا ڕۆژ لەگەڵ رٶژ وەک ئۆبژەیەکی لاواز پەراوێزتر دەخرێت و لەناو دەچیت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کورد پێ‌داگری بکات لەسەر نۆرم و ئەرزشە گشتگیرەکانی وەک ئازادی، مافی مرۆڤ، یەکسانی، دیمۆکراسی و عەقڵانییەت، بەڵام نەک فۆرمالیتە و رێتۆریک ئەو جۆرەی کە ئیستا هەیە.

سەرچاو: http://www.brwska.org/content-56.html








ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی