۱۳۹۶ دی ۳, یکشنبه

ئاڵمانی نوێ و رۆڵی ژنان.


شاهۆ حوسێنی

دەشی بە جەسارەتەوە بگوترێت کە مێژووی کۆمەلایەتی، کلتووری و سیاسی ئاڵمان لەخۆگری دوو قۆناغ و سەردەمی زۆر روون و ئاشکرایە، قۆناغی بەر لە شەری دووەمی جیهانی و قۆناغی پاش شەری دووهەمی جیهانی، قۆناغی یەکەم ئالمان وەک هەموو ئورووپا و جیهان کۆمەلگایەکی پیاو سالار لە هەموو بوارەکانی رواڵەتی و هزری دایە، رواڵەت و عەقلییەتێک کە پیاو بوونەوەریکی خاوەن پلەی یەکەم و بەرپرس و ژن بوونەوەریکی خاوەن پلەی دووەم و وڵامدەر.

بەڵام کۆتایی شەری دووەمی جیهانی بە واتای وێرانی و لەناوچوونی ئاڵمان بوو، ئاڵمانی رواڵەتی، ئاڵمانی هزری و ئاڵمانی کۆمەڵایەتی، ئالمانی هزری بە واتای نازسیسم تووشی داڕمانێکی گەورە هات، ئاڵمانی رواڵەتی جگە لە ویرانیەکی گەورە و تێکڕماو هیچی لێ نەمابۆوە، ئاڵمانی کۆمەڵایەتی کۆمەلگایەکی تارادەیەکی زۆر بەتاڵ لە رەگەزی پیاو بوو، بەشی هەرە زۆری یان کوژرا بوون، یان بریندار و زامدار بوون، یان تووشی کەم ئەندامی ببوون وە یان لە زیندان دا بوو.

لەوەها دۆخیک دابوو کە ژن هاتە گۆرەپانی رۆڵگێران و بوو بە بەرپرسی یەکەمی بووژاندنەوە، ئاوەدان کردنەوە و پێش‌کەوتی کۆمەلگا، بەشی هەرە زۆری ئەو سەنگەرانەی کە پیاوسالاری لێی داگیر کردبوون، وەدەستیان هێناو و ئاڵمانیکیان ساز کرد، سەبوور، تێکۆشەر و بەدیسیپلین. ژنی ئاڵمانی لەپاش شەری دووەمی جیهانی هەم ئالمانی هزری، هەم رواڵەتی و هەم ئالمانی کلتووری ساز کردەوە، لە راستی‌دا دەتوانین بڵیین کە ئاڵمانی نوێ دەست و نەقشی ژنانە.

بەڵام بۆچی ئاڵمانی پاش شەری دووهەمی جیهانیش ئەگەرچی دەست و نەخشی ژنانەی بەئاشکرا پێوە دیارە، لە درێژەدا نەیتوانی ببێتە کۆمەڵگایەکی بەرابەر و بەرەبەرە ژن پاشەکەشی کرد و پیاو بوونەوە کۆرگێری یەکەم و گەرانەوە ریزی پێشیی کۆرگێری کۆمەڵگا، ئەگەرچی لە زۆر بواران‌دا ئاڵمانی پاش شەری دووەمی جیهانی نەگەراوە دۆخی پێش شەر و ژن وەک هزر، کلتوور و چین توانی پاشەکشە بە هێژمۆنی لەرادەبەدەربە پیاو وەک کلتوور، هزر و چین بکات، بەڵام لە درێژەدا نەیتوانی بنیادنەری کۆمەلگایەکی بەرابەر بێت؟

ئەوەی راستی بێت، ئەو ژنەی کە لە نائامادەیی پیاوی رواڵەتی لەپاش شەری دووەمی جیهانی توانی ئاڵمان بنیاد بنێتەوە، پەروەردەی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەی هزری، کلتووری و کۆمەلایەتی بوو، واتە ژن لەسەر بنەمای هزری، فێرکاری و عەقڵی پلە دووهەم بوونی‌دا پەروەردە کرابوو، بۆیەش لە نائامادەیی پیاوی رواڵەتی‌دا بە هۆی بۆشایی هزری، بارهێنان و عەقڵانی لە چوارچیوەی پێکهاتەیەکی مەعریفی ژنانەدا، نەیتوانی لە درێژەدا بنیادنەری کۆمەلگایەکی بەرابەر بێت، بەواتایەکی تر ژنێکی کە لەسەر بنەمای هزری و مەعریفی پیاوانەدا پەروەردە بکرێت زۆربەی کات کۆرگێرێک دەبێت لە خزمەت پەرەی ئەو عەقڵانییەت و هزرەدا، واتە ئەو تەنیا لە بکەر بوون و کۆرگێر بووندا ئازادە نەک لە بنیادنانی هزر و مەعریفەیەکی ژنانەدا، واتە ئەگەر قەبوڵ بکەین کە هزر و عەقڵانییەت پێکهاتەیەکی ژێرخانین کە کردوە و پیکهاتە رواڵەتێکانیان وەک سەرخان لەسەر ساز دەکرێت، ئەوا، بە هۆی نائامادەیی ئەو ژێرخانە عەقڵی و مەعریفیە، ژن لە درێژەدا نەیتوانی ببێتە بنیانەری کۆمەلگایەکی ئازاد، هەرچەند لە زۆر بواراندا پێشکەوت و دەسکەوتی هەبوو.




سەرچاوە: http://www.emrro.com/almaniniweu.htm

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی