۱۳۹۵ آبان ۹, یکشنبه

لە گوتاری هێژمۆنەوە بۆ بزاڤێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر (رەوتناسیی سەرهەڵدانی بزاڤێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر)

شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:
هێژمۆنی چەمکێکی یونانی‌یە بە مانای فەرمانروا و ئاماژەیەکە بە باڵادەستی و زاڵ بوونی وڵاتێک بەسەر وڵاتێک‌دا بەکەڵک وەرگرتن لە دیپڵۆماسی، هەرەشە یان هێرشی نیزامی. بەڵام ئانتۆنیوگرامشی نووسەر و بیرمەندی چەپی ئیتالیایی مانایەکی بەربڵاوتری بەم چەمکە بەخشی و هێنایە نێو ئەدەبیات و کلتووری چەپ. گرامشی ئەو چەمکەی بەمانای زاڵ بوونی چینێک بەسەر چینیکی تردا بەکار برد، زاڵ بوونێک کە تەنیا لە ئابووری‌دا قەتیس نەمایەوە و هەموو لایەنەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایدۆلۆژیکی لەخۆ گرت. بە باوەری گرامشی ئەرکی هێژمۆنی ئامادەکردنی بەستێن بۆ رەزامەندی چینی ژێرچەپۆکە و بن دەستە. گرامشی لەسەر ئەو باوەرە بوو دەسەڵاتی سەرمایەداری تەنیا لەرێی هۆکارەکانی ئابووریەوە مسۆگەر نابێ بەڵکو لەتەنیشت دەسەڵاتی سیاسی، پێوسیتی بە دام‌ودەزگایەکی بروایی یان ئایدۆلۆژیک هەیە. ئەو هۆکاری سەرەکی مسۆگەر بوونی دەسەڵاتی سەرمایەداریش سەرچاوە گرتوو لە باڵادەستی و زاڵ بوونی ئایدۆلۆژیک دا دەبینێ. واتە هێژمۆنیی ئایدۆلۆژیک. گرامشی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو رەوتەی سیستمی سەرمایەداری، لەسەر ئەو باوەرەیە عەقڵ و زەینی چینی کرێکار پێوسیتە زانیاری و وریایی بە کرێکار ببەخشی، واتە بە هێژمۆن‌بوونی ئایدۆلۆژیکی دژ بە ئایدۆلۆژی چینی سەرمایەدار، چینی کرێکار بتوانن بگەنە وریایی و رێککەوتن، گرامشی لەو بەشەدا تیشک دەخاتە سەر دەوروو نەخشی رووناکبیرانی شۆرشگێر کە وەک هێزێکی کارامە زانست و وریای دەبەخشنە کرێکار و چینی کرێکار.
چەمکی هێژمۆنی لە ئەندێسەی لاکلائۆ و موفە:
لاکلائۆ و موفە لە ده‌ەلاقەی پەساپێکهاتەخوازی‌را و بەکەڵک وەرگرتن لە ئیدەی پلۆرالیستیی دیموکراسیی بنەرەتی، حەولی سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەندێشە و هزری مارکسیستیان دا، بە رەخنە لە نەریتی مارکسیستی لە مارکسەوە هەتا گرامشی و ئاڵتووسێر دەستیان پێ‌کرد و کۆمەڵگایان بە کەڵک وەرگرتن لە تێئۆریی گوتار شرۆڤە کرد. تێئۆریی گوتاری دامەزراو لەسەر بنەمای گوتاری بوونی راستەقینەکانی کۆمەلگا، بە کەڵک وەرگرتن لە بەشیکی بەربڵاو لە ئەندێشەکانی فەلسەفی، زمان ناسی، بیرۆکەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
لاکلائۆ و موفه لەگەڵ دەست پێ‌کردنی سەرلەنوێ خوێندنەوەی ناوەرۆکەکانی سیاسیی رادیکاڵ، لە هزر و ئەندێشە سەرەتاییەکانی مارکسیستی جیابوونەوە و بەکەلک وەرگرتن لە چەمکی هێژمۆنی، حەولی نۆژەن کردنەوەیان دا. ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لە رەچەڵەک ناسیی چەمکی هێژمۆنی، نیشانیان دا کە ئەو چەمکە لە بەستێنە مێژووییەکان‌دا بە شیوەی جوراوجۆر بەکار براوە و بنەماشکێنانە نیشانیان دا کە له هێژمۆنی، لەبەرامبەر دارمانی بەربڵاوی کۆمەلایەتی کەڵک وەرگیراوە و بە هەڵە ئەو لە چوراچیوەی یەکگرتویی چینی کرێکاردا بەکاربراوە. بە باوەری لاکلائۆ و موفە نەریتی مارکسیستی خوێندنەوەی زاتخوازنەی گرێ‌دراو لەگەڵ چینی کرێکاری لە هێژمۆنی هەیە. واتە ئەو پێی وایە کە هێژمۆنی زاتی چینیەکانە. بەڵام ئەوان هێژمۆنی ئازاد لە خوێندنەوەی زات‌خوازنە لە دەوری چینی کرێکار پێناسە دەکەن. ئەوان لەسەر ئەو باوەرەن کە راستەقینەکانی کۆمەڵایەتی تەنیا لە دەوری خەبات و تێکهەڵچوونە چینایەتێکان خوێندنەوەیان بۆ ناکرێ بەلکو دەکرێ راستەقینە کۆمەڵایەتێکان پلۆرال، ئاڵۆز و ئەوپەرتر لە دیاردەیەکی دیاری کراوی وەک "چین" خوێندنەوەی بۆ بکرێ. واتە دەکرێ کێشە و تێکهەڵچوونە کۆمەڵایەتی‌یەکان جیاواز و سەربەخۆ لە تێکهەڵچوونی چینایەتیش خوێندنەوەی بۆ بکرێ. بەو شیوەیە لاکلائۆ و موفە بە جومگەبەندی سەرلەنوێی چەمکی هێژمۆنی لە بەستێنی فکری پەساپێکهاتەخوازنەدا، هێژمۆنی دەکەن به کەرەسەی بنەرەتیی شرۆڤەی سیاسی. بە باوەری ئەوان هێژمۆنی پێویستی بە سرینەوەی گشتی‌سازی و باوەرمەند نەبوون بە یەکگرتویی پێشوی چینی کرێکار لەلایەن سووژە هەیە، ئەوان کە کۆمەڵگا بە دەسکردی گوتار دەزانن، پێیان وایە کە کۆمەلگا پیکهاتە و نیزامێکی بگۆر لە جیاوازییەکانە.
رۆڵی گوتاری هێژمۆن لە ئەندێشەی لاکلائۆ و موفەدا:
لاکلائۆ و موفە لەسەر ئەو باوەرەن کە مەرجی دەسپێکی بزاڤیکی گشتگیر و پەرەسەندو، بوونی گوتارێکی هێژمۆن و بەربڵاوە کە لەدوای خۆێ‌دا پێوەندیەکی هێژمۆن و بەربڵاو ساز دەکا. بە جۆرێ کە لە سەردەمی ژیان و بوونی‌ خوێ‌دا دەتوانێ وەک نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگا دەرکەوێ و دەوربگێرێ. لەراستی‌دا ببێتە خاوەن تایبەت‌مەندیی یونیوێرساڵی هێژمۆنیک. هەڵبەت لە کۆمەڵگا فرەنەتەوە و فرەکلتوورەکان بە هۆی پلۆرال بوونی کلتووری سیاسی بەدیهاتوو لە سەر کەلێنە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، زۆر جار بەرەنگار بوونەوەی ناوخۆیی دێتە ئاراوە و قەیرانە کۆمەڵایەتیە ناوخۆییەکان سەرهەڵدەدەن. لەوەها دۆخێک دا گوتاری هێژمون دەتوانێ و پێویستە کە وەک گشتێکی بەربڵاو لە هەناوی سووژە تایبەتیەکانی جیاواز لێک سەرهەڵبدات. جێی ئاماژەیە لەوەها کۆمەڵگایەکدا بە هۆی لەئارادا بوونی کلتووری سیاسیی پلۆرال و نەبوونی دەرفەتی ساز بوونی کۆدەنگیەکی گشتی، پیکهاتەی نێوانجیکار دەوری رێکخستنی کۆدەنگی و خوڵقاندنی بەستێن بۆ کۆدەنگی دەگێرێ.
لەوەها دۆخێک‌دا، سەرەتا بەستێنی گوتار کە بریتیە لە هێژمۆن بوونی سووژیەک، لە نێوان نێوانجیکارەکان بەدی دێت. پاشان دەگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا. لە درێژەدا گوتارێک کە لە دەوری دالی بنەرەتی وەک توخم کە کارکردی ئەو پیکهاتەبەخشیی گشتگیرە و لە خۆگری ئارمان و ئامانجەکانی کۆمەڵگایە سەرهەڵدەدات. بەو شێوەیە بزاڤیکی گشتگیر کە بەرهەمی گوتارێکی هێژمۆنە، راگوێستنەکانی هێژمۆنیک هەموو بەستێنەکانی کۆمەڵگا دەگرێتە ئەستۆ و مسۆگەری دەکات. بەو شیوەیە جێگا بە گوتاری هێژمۆنی حاکم‌ لێژ دەکات و خۆی دەبێتە ئاڵترناتیو. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە گوتارێکی هێژمۆن بەرهەمی سەرهەڵدانی سووژەیەکی هێژمۆنە وەک دەسکرد و خواستی زۆرینەی کۆمەڵگا و سووژەی هێژمۆنیش لە غیابی پێوندیەکی هێژمۆن لەنێوان سووژەکان و توخمەکانی کۆمەلگا ساز نەبێ.
ئاکام:
کۆمەڵگای ئێران بە گشتی کۆمەڵگایەکی فرە کلتوورە. بە جۆرێ که پێکهێنەران و ئەو بوونانەی کە لەو جوغرافیایەدا دەژین هەڵگری پیناسە و ناسنامەی جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی و کۆمەڵایەتین. لەهەمان کاتیش‌دا کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ ئەوەدا بە چەمکی کورد پێناسە دەکرێ بەڵام کۆمەڵگایەکی فرە کلتوورە، چ لەرووی ئایینیەوە و چ لەرووی هزر و ئەندێشەوە. ئەو دۆخە بووەتە هۆی ئەوە کە کۆمەڵگایەکی فرە سووژە و فرە توخم لە ئێران و لەناو کورد‌دا بوونی هەبێ و ئەو دۆخەش بە هۆی لەخۆگرتنی فرەکەلێنی و فرە قەڵشی لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا بووەتە هۆی دابرانی هێزەکان و لە ئاکام‌دا هیچ کات نەیانتوانیوە لەماوەی ئەو زیاتر لە سێ دەیەی کە بەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا تێ‌پەر دەبێ، بزاڤێکی گشتگیر و یەکگرتوو بە دژی ئەو دەسەڵاتە رێک بخەن. لەوەها دۆخێک‌دا هەتا کۆمەڵگای کوردی و ئێران نەگاتە گوتارێکی هێژمۆن، هیچ پێکهاتەیەکی ئەڵترناتیو لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی‌دا سەرهەڵنادا و ناتوانێ مەقبووڵییەت و شەرعییەتی کۆمەلگا وەدەس بێنێ.
سەرچاوەکان:
١_ آزاد ارمكي، تقي، و محمد رضايي، سوژه و قدرت : تحليل چگونگي شكل گيري ذهنيت در مطالعات فرهنگي. نامة علوم اجتماعي، ٢٧. ١٣٨٥
٢_ تاجيك، محمد رضا، مجموعة مقالات گفتمان و تحليل گفتمان، تهران: فرهنگ گفتمان. ١٣٧٩
٣_ تاجيك، محمد رضا ، گفتمان، پادگفتمان و سياست، تهران: مؤسسة تحقيقات و توسعة علوم انساني. ١٣٨٣
٤_ جهانگيري، جهانگير، و حسن پورسفير ، تحليل گفتماني به مثابة روش؛ بررسي نظرية گفتمان در . سنت لاكلاو و شانتال موفه، نبراس، شمارەهای ٥ و٦، ١٣٩٠.
٥_ مك دانل، دايان ، مقدمه‌اي بر نظريه‌هاي گفتمان، ترجمة حسينعلي نوذري، تهران: فرهنگ گفتمان. ١٣٨٠




ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی