(رەوتناسی
لێک گرێدانەوەی کۆمەڵگا، هەڵکەوتە و حیزبی کوردی)
شاهۆ حوسێنی
ئەو نووسراوەیە هەول دەدا وڵامی ئەو دوو پرسیارە گرینگە
بداتەوە
١_ بۆچی کۆمەڵگا، هەڵکەوتە و حیزبی کوردی ناتوانن لە دەوری
تەوەرەیەکی گشتی و هاوبەش کۆ ببنەوە
٢_ چلۆن
دەکرێ کۆمەڵگا، هەڵکەوتە و حیزبی کوردی لە دەوری تەوەرەیەکی گشتی و هاوبەش کۆ
ببنەوە
پێشەکی:
گومان
لەوەدانێ کە تێپەر بوونی زەمان و ئاڵوگۆری لە ژیان دەبێتە هۆی جیاوازی لە بەها،
نۆرم و کلتوری ناو کۆمەڵگا، بە جۆرێ کە ئەو جیاوازی و قەڵشانە دەبنە هۆی جیاوازی
لە بەستێنە زەینی و هزرێکان و لە درێژەدا دەبنە هۆی جیاوازی لە ویست و خواستی
بەرەکان و لە ئاکمدا جیاوازی ویست و خواستیش دەبێتە هۆی فرە چەشنی و فرەخوازی
ویست و داخوازێکان لەناو کۆمەڵگادا، رەوتێکی کە وەک غیابی کێشەی هاوبەش و گشتی
باسی لێوە دەکرێ. لە کۆمەڵگا دێموکراتیکەکان بە هۆی بەفەرمی ناسینی پلۆرالیزم، نە
تەنیا وەک هەرەشە چاو لەو جیاوازیانە ناکەن کە وەک رەوتێکی مەشروع و مافیکی رەوا
حەول دەدەن بە رایەلی کێشەیەکی گشتی و هاوبەش کە هەموو بەرەکان بتوانێ لێک
کۆبکاتەوە و چارەسەری دەکەن. واتە پێش بە مۆنۆلۆگ بوون، تاک رەهەند فەرز کردن و
تاک رەوشتی دەگرن، چون لایان وایە هەر رەوتیکی کە حەول بدات بۆ تاک رەهەندی و تاک
رەوشتی، سنوورەکانی زۆرینە تەوەرەیی و زۆرێنە تێوەگلاندنی کۆمەڵگا بەرتەسک
دەکاتەوە و دەبێتە رەوتیکی کەمینەیی و کەمینە تەوەرە و ناتوانێ ئەزموونێکی سەرکەوتووی
دیموکرات بێ.
دێموکراسی وەک کێشەو دۆزێکی گشتی و هاوبەش:
بێ گومان
خودموختاری لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی دێمۆکرات و پلۆرالدا توانی لە کۆتاییەکانی
دەیەیی پەنجای هەتاوی کۆمەڵگا، هەڵکەوتە و حیزبی کوردی لێک کۆبکاتەوە، کە بە هۆی
کاریزمایی و زانستی بێ وێنەی دکتۆر قاسملوو تێئۆریزە کرابوو و بنەمای هزری و
ئەندیشەیی بۆ دارێژرابوو، لەراستیدا دێموکراسی وەک پرس و دۆزێک لە هەناوی
خۆیدا هەڵگری ویست و خواستی زۆر جیاواز و فرە چەشنە و دەتوانێ وەک کێشە و
تەوەرەیەکی گشتی و هاوبەش رەچاو بکرێ و حەولی بۆ بدرێ، بە هۆی ئەوە کە قەڵش و
کەلێنی نەتەوەیی بەرهەمی پاوانخوازێتی رەچەڵەکێ، دەکرێ لە سیستمێکی دێموکراتدا
لەناو ببردرێ و دەش کرێ لە سیستمێکی دیموکراتدا ویست و خواستی نەتەوەیی بە
کەمترین کێشە و تێچوو مسۆگەر بکرێ، کێشەی عەداڵەتی ئابووری و بەرابەری لە سیستمیکی
دیموکراتدا بە هۆی یاسامەندی نۆرمەکان، گرینگی زۆری مافی تاک و کۆمەلگا دەتوانێ
بە کەمترین تێچوو چارەسەر بکرێ. ئەگەر کورد بتوانێ دێموکراسی بکاتە دۆزیکی گشتی و
هاوبەش و بەو دۆزە بتوانێ کۆ رێکخستنێکی میژوویی لە نێوان هێزی کۆمەڵگا، هەڵکەوتە
و حیزبی کوردی سازبکات ئەوا بێ گومان دەتوانێ ئاڵوگۆری بنەرەتی و قایم لە خزمەت
بەرژەوەندێکان و ویست و خواستەکانی خۆی ساز بکات، ئەوەش نالوێ مەگەر ئەوەیکە بە
خوێندنەوەیەکی ورد و زانستی، خاڵەکانی گرێ و ناوەندی ویست و خواستی کۆمەلگا کە لە
زەمان و بەستێندا پەروەردە کراون بە درووستی دەسنیشان بکات، واتە بە درووستی
دەستنیشان بکرێن کە لە هەر قۆناغێکی مێژوویدا چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ویست و
خواستێکیان هەیە و بەلایانەوە گرینگە، لیکۆڵینەوە زانستیکان نیشانیان داوە کە ئەو
گرێ و خاڵە ناوەندیانە هەمووکات یەک نین و یەک شت نین. ئەگەر چی ویستی ئازادی و
دیموکراسی وەک هێمایەکی گەورەی مافی سیاسی تاک و کۆمەڵگا هەموو کات گرینگ بوە و
گرینگە بەڵام زۆر جار بە هۆی هێندێ ئاڵوگۆری، ویستی ئابووری و کلتووریش گرینگایەتی
تایبەت پەیدا دەکەن و دەبێ بەهایان پێ بدرێ. ئەوە هەڵبەت بەو مانایە نێ کە کۆمەڵگا
لە مافە رەسەکانی خۆی دەست هەڵگرێ، بەلکە بەو مانایەیە کە پێویستە لەگەل کۆمەلگا و
ویستەکانی رێک و کۆک بن.
گومان
لەوەدانێ کە لەناو کۆمەڵگادا هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی جوراوجۆر بوونیان هەیە و
چالاکن، یەکەم بابەتی گرینگ، مەشروع بوونی وانە و دووهەم بابەتی گرین زەروورەتی
گەویشتن بە ئاسۆیەکی هاوبەشە، ئەوەش تەنیا زەمانێک دەلوێ و دەگونجێ کە ئازادی بە
مانای پلۆرالیزم و دێموکراسی ببێتە دۆزی هاوبەش و گشتی، واتە دیموکراسی ببێتە چەمک
و گوتاری ناوەندی و تەوەرەیی بۆ کۆمەڵگا، هەڵکەوتە و حیزبی کوردی.
گومان
لەوەدانێ کە دێموکراسی بۆ هەر کۆمەڵگا، هەڵکەوتە، هێز و حیزبێکی کوردی بە هەر
ئامانج و درووشمێکی ستراتژیک دەتوانێ خاڵی ناوەندی بێ، بە هۆی ئەوەکە تەنیا و
تەنیا لە فۆرم و قەبارەیەکی دیموکراتیکدایە کە حیزبێکی ناسیونالیست دەتوانێ
بەدواداچوون بۆ ویستە نەتەوەییەکانی بکات، حیزبێکی چەپ بەدواداچوون بۆ ویستی سینفی،
سەندیکایی و چینایەتیدا بکات و حیزب و هێزی ئایینی بەدواداچوون بۆ ویست و
خواستەکانیان بکەن. بە قەولی فۆکۆ هەموو شووناسەکان، ئەو هێزانەی گوێرایەڵن،
سووژه ژێردەسەتەکان و پەراوێزخراوەکان کە ماف و ئیزنی دەنگ هەڵبرینیان نێ، دەتوانن
لە پەیکرە گشتێ ئازادیدا کۆببنەوە.
دیموکراسی نە
تەنیا ئێستاکە وەک دۆزێکی گشتی و کێشەیەکی هاوبەش دەتوانێ سەرچاوەی هێز و
یەکگرتوویی بێ، کە لە ئەگەری هەر جۆرە ئاڵوگۆرێک و گۆرانی سیاستمی سیاسی و حکوومیشدا
لە دوا رۆژ، دەتوانێ گەرانتی و زەمانەتی سەروەر بوونی کۆمەڵگا، ویست و خواستەکانی
و رێز گرتن لە پلۆرالیزمی هزر و خواستەکان بێ
بێ گومان
زەمانێک حیزبی کوردی بەو قەناعەتە دەگات کە لەگەڵ کۆمەڵگا و هەلکەوتە بگەنە
رێککەوتن لەسەر دۆز و کێشەیەکی هاوبەش کە عەقڵییەتی ئاوانگاردیان وەلا نابێ،
عەقڵییەتێکی کلاسیک کە بەرهەمی ئەندێشەی مارکسیستی(زەروورەتی پێشەروو بونی تاقمێک
شۆرشگێری پرۆفشناڵ) و سەردەمێک بوو کە کۆمەڵگای کوردی لە دواکەوتوویەکی خوێندەواری
و هزری قوڵدا ژیانی تێپەر دەکرد
ئاکام:
ئەوەیکە هەتا
ئەمرۆ نەمانتوانیوە لە دەوری دۆزیکی گشتی و هاوبەش کۆببینەوە دوو هۆکاری
گرینگی ئەوانەن:
١_ کێشە و دڵەرواکێی هێزی کوردی “ماکرۆ دەسەڵات” بوە، واتە حەول و
تەقلای هێژمون بوون بوە لە ناو دەسەڵات و لەناو لایەنەکانی بەرامبەردا، هەمووکات
لە خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی پاوانخوازدا حیزبی کوردی چاوێکی لە لایەنی
بەرامبەریش بوە کە لە بەرەی دژ بە رێژیمدا خەریکە خەبات و بەربەرەکانێ، لەگەڵ
ئەوەدا حەولی داوە هێژمۆنی دەسەڵاتی حکوومەتی پاوانخواز تێکبشکێنن، هاوکات
حەولیشی داوە خۆی ببینە دەسەڵاتێکی هێژمون و بێرکابەر لەناو جوغرافیای هێزەکانی
دژبەری رێژیمدا. واتە جێگرەوەی بێ رکابەر و تاکی دەسەڵاتی حکوومەت بێ
٢_ لە سیاسەت
کردندا هێزی کوردی حەول و تەقەللای “ماکرۆ سیاسەت” بوە، واتە ئامانجێکی
گشتی و ستراتژیکی سیاسی دیاری کردوه و هەموو هێز و وزەی خستۆتە گەر بۆ گەویشتن بەو
ئامانجە بە کەڵ وەرگرتن لە یەک مێتۆد و شێوەی خەبات، واتە هەموو کێشەکانی لە
پێوەندی ژێرخانی و سەرخانیدا فەرز کردوە، کێشەی سیاسی وەک ژێرخان و کێشە ئابووری،
کلتووری و کۆمەڵایەتێکانی وەک سەرخان فەرز کردوە، لە کاتێکدا درووست وابوو کە بۆ
لەناو بردنی هەر کێشەیەک رێگاو شوێنی گونجاوی تایبەت بە خۆی لە لایەن هێزی چالاک
لەو بەستێنە رەچاو کرابایە، واتە بۆ هەموو کێشەکان تەنیا رێگاچارە ئاڵوگۆری سیاسی
و ئەویش بە تاک شیوەی فەرز نەکرابایە، بە واتایەکی تر کێشەکانی تر بە بیانووی
کێشەی سیاسی پەراوێز نەخرابایەن و لەبیر نەکرابایەن.
دەشێ بگوترێ
کە خەبات سنووردار کراوەتەوە لە بەشێک و بەستێنێکی زۆر تایبەتی سیاسی کە ئەویش
خەباتی چەکدارێ و لە رەهەندەکانی تری وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری دوور
خراوەتەوە. واتە لە ژێر گوشار و هێژمۆنی لایەنی سیاسەتدا، بەدوادا چوون بۆ ویست و
خواستە ئابووری، کلتووری و کۆمەڵایەتێکان پشت گوێ خراون، لە کاتێکدا حاشا
هەڵنەگرە کە کۆمەڵگا کێشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووریشی هەیە و ناکرێ و
ناتوانێ هەموویان پشتگوێ بخات و هەڵیان گرێ، تا ئەو زەمانەی ئاڵوگۆری سیاسی پێک
دێ و تازە هیچ گارانتیەکیش نێ کە لە پاش ئاڵوگۆری ساز بوون ئەو کێشانە چارەسەر
ببن، ئەوەش ئەمرۆکە بۆتە هۆکار کە کۆمەڵگا، هەڵکەوتە و حیزبی کوردی ناتوانن
لە دەوری دۆز و کێشەیەکی گشتی و هاوبەش کۆ ببنەوە.
دەشێ بگوترێ
کە رێگای گونجاو بۆ دەرباز بوون لەو کێشەیە ئەوەیە کە رەوەندی “میکرۆ دەسەڵات” و
“میکرۆ سیاسەت” رەچاو بکرێ، بۆ وەیکە هەم لەئەگەری ساز بوونی هەرجۆرە ئاڵوگۆرێک
پێس به سەرلەنوێ بوونەوە و سەرهەڵدانەوەی پاوانخوازێتی لە جۆرێک و فۆرمێکی تردا
بگیرێ و هەم بەستێنی خەبات و سیاسەت کردن بەرفراوانتر ببێتەوە و کۆمەلگا، هەلکەوتە
و حیزبی کوردی بتوانن ببنەوە هێزێکی یەکگرتوو. هەمیش لە تەنیشت ویست و خواستی
سیاسی، مەشرووعیت بدرێ بە بەدواچوون بۆ ویست و خواستی ئابووری، کۆمەڵایەتی و
کلتووری بکرێ.