۱۳۹۵ اردیبهشت ۳۱, جمعه

بۆچی کورد لە سایکس – پیکۆدا جارێکی‌تر پارچە کراوە

شاهۆ حوسێنی
سەرەتا
رەنگە هەتا ئەمرۆ زۆر بابەت و نووسراوە لەسەر دەور و رۆڵی سایکس-پیکۆ و نەخشی بریتانیا و فەرانسا له پارچە پارچە بوونی کورد نووسراوە، تایبەتمەندی ولاوازی گشتی ئەو نووسراوە و بەرهەمانە تاک رەهەندی بوونیانە و هەموو پێ داگرن لە زوڵم و غەدرێکی کە زلهێزەکان لە کوردیان کردوە، بەڵام هیچ نووسراوەیەک بە جەسارەتەوە باسی لەوە نەکردوە کە چ کردوە و کردارێک لە کۆردەکان دیترا کە زلهێزەکان کوردستانیان وەک ئیمپراتوری عوسمانی بە فەرمی پارچە پارچە کرد، هەرچەند کورد پێشتر پارچە پارچە ببو و مێژووی لێک‌دابرانی کورد دەگەرێتەوە بۆ زۆر کونتر. بێ گومان تەنیا وێک چووی کورد و عوسمانی پارچە پارچە بوونی نیە، بەڵکە کردار و کردوەیەک لە کوردەکان دیترا کە زلهێزەکانی لە کوردەکان بە رق دابرد.
پرسیاری سەرەکی ئەو وتارە ئەوەیە کە : بۆچی زلهێزەکان کوردیان لەناو ئەو وڵاتانەدا کە لە پارچە پارچە بوونی عوسمانی بەدی هاتن بڵاو کردەوە؟
کورد و شەری یەکەمی جیهانی:
شەری یەکەمی جیهانی لە مانگی ئەگوستی ساڵی ١٩١٤ سەری هەڵدا و لە ماوەیەکی کەم‌دا زۆر وڵات و ناوچەی جیهانی لەخۆ گرت، شەرێک کە لەودا چوار ئیمپراتوری لەناو چوون، ئیمپراتوری ئاڵمان لەناو چوو و کۆماری ئاڵمان بوو بە جێگرەوەی، ئیمپراتۆری ئۆتریش-مەجارستان لەناو چوو، ئیمپراتوری تێزارەکانی رووسیەش رووخا و بۆلشوویکەکان بە دەسەڵات گەیشتن و هەرەوەها ئیمپراتۆری عوسمانیش لێک بڵاو وبەشی‌هەرە زۆری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی بریتانیا و فەرانسا، هەر پارچەیەی بوو بە حکوومەتێکی تازه به شووناسی عەرەبی. لەو ناوەدا کورد کە بەر لە شەری یەکەمی جیهانی جارێک لە نێوان ئێران و عوسمانی‌دا دابەش ببوو، ئەمجارە دوو پارچەی تریشی لێ بۆوە و بوە چوار بەش، بەڵام ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە کورد هەر لە پاش رووخانی دەسەڵاتی میدێکان هیچ کات یەکپارچە و یەکگرتوو نەبوو، بەڵکە  لە نێوان خێڵ و عەشیرەتە جیاوازەکان‌دا دابەش ببوو، بە جۆرێ کە هیچ  هۆکارێکی عەینی و زەینی نەیتوانی ئەو خێڵ و عەشێرەتانە لێک نزیک بکاتەوە، لێکیان گرێ بدات و یەک‌پارچەیان بکات لە چوارچێوەی شووناسێکی نەتەوەیی‌دا بە ناوی کورد.
ئیمپراتوری عوسمانی لەماوەی شەش سەدە، دەسەڵاتێکی مەترسیدار و زۆر جار هێژمۆن لەناو جەرگەی ئوروپا دابوو کە خۆیان وەک شووناسێکی مەسیحی پێناسە دەکرد، دەسەڵاتێک بە شووناس و ئینتیمای ئایینی کە خۆیان بە خەلیفە و جێگرەوەی پێغەمبەر دەزانی و بەلای خۆیانەوەشەرعییەتی ئایینیان هەبوو بۆ شەر و غەزا لەگەڵ کافرەکان واتە مەسیحێکان، بۆیە بە درێژایی مێژوو ئاوات و گەڵاڵەی ئوروپێکان لەناو بردنی ئەو شووناس ئایینێ و دوور کردنەوەی بوو کە ببوە جیرانیان، ئارەزوویەک کە لە شەری یەکەمی جیهانی بۆ ئوروپیکان هاتە دی، ئەفسەران و مەئموورانی دەزگا هەواڵگرێکانی ئوروپی هەرلەزۆوە و زۆر بەر لە شەری یەکەمی جیهانی لەناوچەکە خەریکی توێژینەوە لە دانیشتوانی ناوچەکە و دۆزینەوە هاوپەیمان و لایەنگر بوون، لەو ناوەدا ئەوان توانیبویان لەگەڵ بنەماڵەی مەلیک حوسێن حاکمی حیجاز رێک‌بکەون کە ئەگەر ئەوان لەگەڵ عوسمانی بکەونە شەر و بەربەرەکانی، ئەوا بریتانیا پشتیوانی دەکات لە پێکهاتنی حکوومەتیکی عەرەبی سەربەخۆ، ئەگەر چی مەلیک حوسێن خەونی بە ئیمپراتورێکی ئیسلامی گەور بە پێتەختی مەککەوە دەدیت کە هەموو ناوچە عەرەب نشینەکانی رۆژهەڵاتی ناوین لەخۆبگرێ، بەڵام بریتانیا ئەو خەونەی مەلیک حوسێنی وەدی نەهێنا و ئەو ناوچانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دابوون دابەش کران بەسەر چەند حکوومەتی عەرەبی، بەڵام بۆ بەشی هەرە زۆریان هەر لە بنەماڵەی مەلیک حوسین پاشای بۆ دانان، ئوروپێکان لە رۆژهەڵاتی ناوین توانیبویان دۆست و لایەنگرێکی باش کە مەلیک حوسێن بوو ببینەوە، مەلیک حوسین بۆوان لە چەند بواردا گرینگ بوو، یەکەم ئەوەکه عەرەبی موسڵمان بوو. دوهەم ئەوەکە حاکمی حیجاز و لەروانگەی موسڵمانان خزمەتگوزاری دوو حەرەمی شەریفی مەککە و مەدینە بوو، سێهەم ئەوەکە ژێئۆلەتیکی عەرەبستان یەکجار دوور بوو لە سنوورەکانی ئورووپا، کەوابێ هەم زۆر بە ئاسانی دەتوانن ژێئۆپۆلەتیکی خەلافەتی ئیسلامی لە جیرانەتی ئورووپاوە راگوێزن بۆ عەرەبستان و هەم ئەوەیکە ئەوان بە هۆی عەرەب بوون لە لای موسڵمانان رەواییان زیاترە، کەوابێ هیچ کێشەیەک ساز ناکات. لە کاتێک دا کە عەرەبەکانی رۆژهەڵاتی ناوین خەریکی رێککەوتن لەگەڵ بریتانیا و فەرانسا بوون بۆ بەدی هێنانی دەسەڵاتێکی ئیسلامی – عەرەبی، بەداخەوە کورد خەریکی پشتیوانی کردن لە دەسەڵاتی نەخۆش و لەحاڵی تێکقرمانی عوسمانی دابوو. کۆمەڵگای کوردی بە گشتی لەو سەردەمەدا کۆمەڵگایەکی ئایینی و ئیسلامی بوو، کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ ئەوەدا کەمترین عیلاقەی بە کورد بوون و ساز کردنی پێوەندی نەتەوەیی نیشان‌ دەدا، زۆرترین نیشان و عیلاقەی ئایینی لە خۆی نیشان دەدا، ئەگەر لە دەرباری هەر پاشایەکی فارس و تورک بە دەیان و سەدان شاعیر بوونیان هەبوو کە پارێزەری زمان و کلتوری نەتەوەیی بوون، ئەوا لە هەر دیوەخان و لەناو هەر خێڵ و عەشیرەیەکی کوردا چەندین مەلا و شێخ لە ناز و نێعمەت دا دەژیان، ئەوە سیمای راستەقینەی کلتووری کوردی بوو لەو سەردەمدا، هەر ئەو شووناس و هەستەش کە بەتاڵەو دوورە لە هەر جۆرە شعور و عەقڵییەتێکی بەرژەوەندی خوازانە، کورد رادێکێشت بۆ پشتیوانی کردن لە حکوومەتی موسڵمانی خەلیفەکانی عوسمانی کە لەو پەری نەزاری و بێ حاڵی خۆیدا دوایین هەناسەکانی خۆی هەڵدەکێشا، دیارە ئەگەر عەرەبەکان خەریکی رێککەوتن و نزیکایەتی لەگەڵ ئوروپێکان بوون ئەوا بۆ وێنە لە مەهاباد، پیاوماقوڵان و شێخ و مەلاکان بە شانازێوە خەڵکیان هان دەدا بە کۆڵەوەژ و شەنە بچنە غەزای کافران و ئەو کاتەی کەلەسەری کۆنسوڵی رووس لە مەهاباد لە ژێر پێ مناڵان کایەی پێ دەکرا و پیاوماقوڵانی مەهابادی ئافەرین و بارەقەڵایان دەکێشا بۆ ئەو کردوە دزێوە، نەیان دەزانی کە زلهێزەکان خەریکن چ چارەنووسێکی تاڵ و ئاڵۆز بۆ کورد دادەرێژن. کە وابێ وێک چوویەکی گرینگی کورد عووسمانێکان کە کوردی وەک عوسمانی لێک بڵاو کرد شووناس و ئینتیمای ئایینی- ئیسلامی بوو.
ئاکام:
گومان لەوە دانێ کە خوێندنەوەی سایکس-پیکۆ وەک دەرکەوتەیەکی سیاسی بەبێ لەبەر چاو گرتنی دەور و کرداری کۆمەڵگای کوردەواری خویندنەوەیەکی یەک رەهەندی دەبێت و ناتوانێ تیشک بخاتە هەموو کەلێن و سووچەکانی ئەو دەرکەوتەیە، بۆ وەیکە لە ژێر تیشک و رووناکایی شرۆڤەیەکی هەمە لایەنە بتوانین دەرس لە رابردوو وەربگرین و گەڵاڵەی گونجاو و بەرۆژ بۆ ئەمرۆ و داهاتوو دابرێژێن، خۆ بواردن لە هەر جۆرە  رەخنەگرتنێک لە خۆ، خۆمەحاکمە کردنێک و خۆ بە توانبار زانێنێک، نیشانی داوە کە تەنیا و تەنیا لە دژی بەرژەوەندێکانی خۆمان دایە، سایکس-پیکۆ وەک دەرکەوتیەک بەر لە هەموو کەس و هەموو لایەنێک ئێمەی کوردی تیا خەتابارە و بەرهەمی لێک بڵاوی، شپرزەیی و بێ ستراتژی بوونی ئێمەی کورد بوو بە هەر هۆکارێک.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی